كۆمپانیایهكی بواری پهروهرده خەرجی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە سووتاوەکەی گوندی وەسان لە ئەستۆ دەگرێت
K24 – ههولێر:
دوای بڵاوبوونهوهی ههواڵی سووتانی قوتابخانهی وەسانی بنەڕەتی تێکەڵاو لە ناحیەی قەسرێ له كوردستان24، کۆمپانیای ڤیژن ئیدوکەیشن رۆژی چوارشەممە بڕیاری دا تەواوی خەرجی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانهكه، له ئهستۆ بگرێت، دوای ئهوهی قوتابخانەکە بەهۆی تەقینی سۆپای نەوتەوە سووتا.
قوتابخانەی وەسانی بنەڕەتی لە ڕۆژی دووشەممەی رابردوودا، به هۆی كهوتنهوهی ئاگرهوه سووتا و زیانێكی زۆری بهركهوت، بهو هۆیهوه كۆمپانیاكه پهیوهندی به بهڕێوبهری قوتابخانهكهوه كرد و تێچووی نۆژهنكردنهوهی له ئهستۆ گرت.
له راگهیهندراوێكدا، كۆمپانیاكه رایگهیاندووه، دوای وەرگرتنی مەزندەی زیانە ماددیەکەی قوتابخانەکە، کۆمپانیاکەمان بڕیاری دا بە لە ئەستۆگرتنی تەواوی خەرجی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە بە بڕی (10,621,000) دە ملیۆن و شەشسەد و بیستو یەک هەزار دینار.
ههروهها هاتووه: ئەم بڕە پارەیەش وەکو کۆمەک ئەمڕۆ لە ڕێگای نوێنەری کۆمپانیا بە ئامادەبوونی لیژنەیەك لە قوتابخانەکە ڕادەستی بەڕێوەبەر و ستافەکەیان کرا.
لهو بارهیهوه، میوان دۆلەمەری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەگشتییەکانی کۆمپانیا له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 وتی: "دوای بینینی دیمهنی قوتابخانه سووتاوهكه له سۆشیالمیدیای كوردستان24 وەکو کۆمپانیای ڤیژن ئیدوکەیشن بڕیارماندا کە تەواوی خەرجی نۆژەنکردنەوەی کۆمپانیاکە لە ئەستۆ بگرین. ئەمەش لەپێناو هەستکردن بە بەرپرسیارەتی بۆ گەل و نیشتیمان و هەروەها پشتگیریکردن لە قوتابیانی ئەو ناوچەیە بەمەبەستی دوانەکەوتن لە پڕۆسەی خوێندن لەم دەڤەرە".
قوتابخانەی وەسانی بنەڕەتی تێکەڵاو لە ساڵی (1992) دامەزراوە و دەکەوێتە ناحیەی قەسرێ لە قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر. لە ئێستادا قوتابخانەکە دوو دەوامی هەیە (بەیانیان و نیوەڕۆیان) بۆ قۆناغی بنەڕەتی و دواناوەندی. قوتابخانەکە (6) پۆلییە و بە گشتی لە ئێستادا (30) قوتابی لەگەڵ (9) مامۆستا و (11) کارمەند لەخۆ دەگرێت.
ڤیژن ئیدوکەیشن کۆمپانیایەکی ناوخۆییە، کە لە ساڵی (2018) لە هەولێر دامەزراوە، لە بوارەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و میدیادا کار دەکات. لە ئێستادا، دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، بە بێ بەرامبەر، بەشێکی گرنگی کارەکانی کۆمپانیا پێکدەهێنن ئەمەش بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتر بە کەرتی پەروەردە.