لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیران پێداچوونەوە بە پلەبەرزکردنەوە و خزمەتی فەرمانبەران دەکرێت

باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، لەسەر داوای سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکانی جێبەجێکردنی رێنمایی دارایی ژمارە 12ـی تایبەت بە پێداچوونەوەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هەژمارکردنى خزمەتیان لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی پێکهێنرا.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی میدیا و زانیاری، لیژنەکە لە یەکەم هەنگاوی، تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پرسى میلاکات راسپارد بە مەبەستی پێداچوونەوە و وردبینی بە دۆسیەى فەرمانبەران.

ئاماژە بەوەشدرا، لە کۆی 32 دامەزراوەى هەر سێ دەسەڵاتی «دادوەرى و یاسادانان و جێبەجێکردن»، پێداچوونەوە بە 365 هەزار و 452 دۆسیە کرا کە حەوت هەزار و 196 دۆسیە پلەى زیادەیان بۆ بەسترا بوو و 15 هەزار و 614 دۆسیەشیان زیادە مووچەیان هەبوو، کە کۆى جیاوازى مووچەکەیان دەکاتە ملیارێک و 360 ملیۆن و 808 هەزار دینار.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، هەر لەم چوارچێوەیەدا و بۆ یەکخستنەوەی دۆسیەی کەسیی ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە، تا ئێستا لەکۆى 60 هەزار و 16 دۆسیە، 41 هەزار و 982 دۆسیە، بۆ پێداچوونەوە ئامادەکراون و بڕیار وایە بە زوویی دۆسیە نایاساییەکانیان لە رووی پلەبەرزکردنەوە و زیادە مووچە، دەستنیشان بکرێن.

بە گوێرەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کابینەى نۆیەم، لە یەک کاتدا کاری لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و پرسى چاکسازى کردووە، تا ئێستا دەیان هەنگاوى کردەیی و جددی لەم بوارە ناوە، ئەمەش هۆکار بووە بۆ رێکخستنەوەى دۆسیەى فەرمانبەران و گەڕاندنەوەى سامانێکى زۆرى دارایی بۆ نێو خەزێنەى حکومەت.