ئەمەریکا هۆشداری بە تورکیا دەدات

K24 - هەولێر:

برایان نیڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگریی دارایی، لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا هۆشداری بە حکومەت و کەرتی تایبەتی تورکیا داوە، لە هەناردەکردنی هەر ماددەیەک لە ببێتە هۆکاری بەهێزبوونی رووسیا.

چەند بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرایانکردووە، یاریدەدەری وەزیری گەنجینە و شاندەکەی یاوەری لە زنجیرە کۆبوونەوەکانیان لە ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ هۆشیاریانداوەتە حکومەتی تورکیا کە رێگە نەدەن هیچ ماددەی کیمیایی و مایکرۆچیپ یان هەر ماددەیکی دیکە هەناردەی رووسیا بکەن، کە مۆسکۆ بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی بەکاریان بهێنێت، ئەگەرنا ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر کۆمپانیا و بانکەکانی تورکیا.

رووسیا و تورکیا پەیوەندییەکی ئابووری مێژووییان هەیە، کە ئێستا رووسیا چاوی لەوەیە، سوود لەو پەیوەندییە ببینێت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە تۆمارە گومرگییەکانی رووسیا، لە مانگی کانوونی دووەمدا بڵاویکردەوە، لە مانگی سێ تا مانگی 10ـی 2022، پێکهاتەکانی کۆمپیوتەر و پێکهاتە ئەلیکترۆنیەکانی دیکە بە بەهای لانیکەم 2.6 ملیار دۆلار، هەناردەی رووسیا کراون.