رێگری لە بەرزكردنەوەی نرخی خۆراك و كاڵا لە بازاڕەكانی كوردستاندا دەكرێت

بازاڕی هه‌ولێر
بازاڕی هه‌ولێر

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی بازرگانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت رێگری له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خۆراك و كاڵا له‌ بازاڕه‌كانی كوردستاندا بكات. به‌رپرسی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌ته‌كه‌ش ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، "لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانییەوە هەماهەنگی لەگەڵ بازرگانان بۆ هێنانەخوارەوەی نرخ كراوە".   

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (5ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی، نرخی كاڵا و خۆراك لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەرزبووەتەوە. بە مەبەستی چارەسەركردنی دۆخی بازاڕ و جێگیركردنی نرخی خۆراك و شتومەك، دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی، لەلایەكەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بازرگانان كار بۆ دابەزاندنی نرخ دەكەن و لەلایەكی دیكەشەوە لیژنەكانی پشكنین، چاودێریی بازاڕ دەكەن.

له‌وباره‌وه‌ ماردین ئەبوبەكر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە پێگەی فەرمیی حكومەتی راگەیاند: "لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتدا، میكانیزمی جێگیركردنی نرخ دەستیپێكردووە؛ لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانییەوە هەماهەنگی لەگەڵ بازرگانان بۆ هێنانەخوارەوەی نرخ كراوە،  بۆ ئەوەی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر كڕیاران و هاووڵاتییان هەیە، نەمێنێت."

جگە لە هەماهەنگی، لەبارەی چاودێریی بازاڕیشەوە، گوتی: "رۆژانە لیژنەكانمان بۆ پشكنینی نرخ لە بازاڕەكاندا لە گەڕاندان، لە ئەگەری ساغكردنەوەی كاڵای ماوە بەسەرچووشدا، ڕێكاری یاسایی دەگیرێتەبەر. هەروەها لە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دۆلاردا، ڕێكاری دیكەی جێگیركردنی نرخ دەگرینەبەر." 

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، هاوكات لە میانی ئەو هەڵمەتانەدا، پڕۆسەی هەرزانکردنی نرخی هێلکە و پەلەوەر و بەرهەم و کاڵا خۆماڵییەکان لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە و بڕیاریشە لە هەموو ناوچەکان دیكە بەردەوامی پێ بدرێت.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریدا هاتووه‌: حکومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت نرخی گونجاو بۆ کاڵا خۆراکییەکان دیاری بکات و هاووڵاتییانی کەمدەرامەت بە گونجاوترین نرخ پێداویستییەکانیان دەستبكەوێت؛ بەتایبەت ئەو خۆراکانەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێن. ئەمەش لەلایەكەوە بۆ پاراستنی باری دارایی هاووڵاتییان و لە لایەكی دیكەشەوە بۆ بەردەوامبوونی کێبڕکێ و جوڵەی بازاڕە.