ریال مه‌درید به‌بێ كۆمه‌ڵێك ئه‌ستێره‌ رووده‌كاته‌ مه‌غریب

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید

ریال مەدرید دوای دۆڕانەکەی یاریی رابردوو بەرامبەر ریال مایۆرکا، ئەمجارەیان لە قۆناغی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکان رووبەڕووی یانەی ئەهلی مسڕی دەبێتەوە، شاهانەکان خاوەنی زۆرترین ناسناوی پاڵەوانتیەکەن و چوار جار بونەتە پاڵەوان، یانە مسڕیەکەش سێجار پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.

ریال مەدرید خاوەنی زۆرترین ناسناوی مۆندیالی یانەکان و بۆ جاری شەشەم بەشداری پاڵەوانتیەکە دەکات، کە بڕیارە ئەمشەو لە قۆناغی پێشکۆتایی و لە پێناو بەدەستهێنانی بلیتی یاریی کۆتایی، رووبەڕووی یانەی ئەهلی میسڕی ببێتەوە.

شاهانەکان وەکو پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ بەشداری مۆندیالی یانەکان دەکەن، ئەو یانەیە لە قۆناغی پێشکۆتایی رووبەڕووی ئەهلی مسڕی پاڵەوانی ئەفریقیا دەبێتەوە، یانە مسڕیەکە توانی بە بردنەوەی لە هیلالی سعوودی، بلیتی یاریی پێشکۆتایی بەدەست بێنێت.

ئانچیلۆتی: هانده‌رێكی زۆرمان له‌ مه‌غریب هه‌یه‌

پێش یارییەکە کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید گوتی مۆندیالی یانەکان یەکێکە لە پاڵەوانییەتیە گرنگەکان، هەر تیپێک کە بەشداری تێدا دەکات مانای ئەوەیە لە رابردوو تا ئێستا هەموو شتەکانی بەباشی کردووە.

له‌مباره‌یه‌وه‌ كارلۆ ئانچیلۆتی گوتی: لە مەغریب ژمارەیەکی زۆر هاندەرمان هەیە ئەمەش دەرفەتە بۆ ئەوەی دڵخۆشیان بکەین. مۆندیالی یانەکان یەکێکە لە پاڵەوانییەتیە گرنگەکان، هەر تیپێک کە بەشداری تێدا دەکات مانای ئەوەیە لە رابردوو تا ئێستا هەموو شتەکانی بەباشی کردووە.

ئانچیلۆتی گوتیشی: ئەهلی یانەیەکی باشە و یاریزانی زۆر باش و خێرای هەیە، ئێمە مێژووی ئەوان دەزانین، زانیاریمان لەسەر ئەو یانەیە هەیە و زۆر رێزیان لێدەگرین. بڕیارماندا بێنزێما و کۆرتوا و میلیتاو لە مەدرید بهێڵینەوە بۆ ئەوەی بە باشی چارەسەری پزیشکی وەرگرن، ئەگەر گەیشتینە یاریی کۆتایی ئەو یاریزانانە رۆژی پێنجشەممە پەیوەندی بە کەمپی مەشقی ریال مەدرید دەکەن و ئامادە دەبن.

دۆڕانەکەمان بەرامبەر مایۆرکا ئازاربەخش بوو، بەپێی نیشانەکان بێت تیپەکەمان لە گەشەکردندایە، لەرووی جەستەییەوە زۆر باشین، بەڵام کێشەمان لەگەڵ پێکانەکان هەیە، چونکە زۆر یاریی دەکەین.

ریال مەدرید دوایینجار لە ساڵی 2014 بەشداری مۆندیالی یانەکانی کرد، ئەوکات لە قۆناغی پێشکۆتایی بە بردنەوەیان لە کاشیمای ژاپۆنی گەیشتنە یاریی کۆتایی و لەوێش توانیان لە عەینی ئیماراتی ببەنەوە و بۆ جاری چوارەم ناسناوەکەیان بردەوە.

مێرنگی جاری یەکەمە لە مۆندیالی یانەکان رووبەڕووی ئەهلی مسڕی دەبێتەوە، هەروەها پێشتریش تەنها یەکجار یاریی لەگەڵ پالەوانی ئەفریقیا کردووە، ئەویش لە ساڵی 2000 بەرامبەر کازابلانکای مەغرینی یارییان کرد و توانیان بردنەوە بەدەست بێنن.

ریال مەدرید چوار جار بووەتە پاڵەوانی مۆندیالی یانەکان زۆرترین ناسناویان هەیە، ئەو یانەیە پێشتر لە ساڵانی 2016 و 2017 و هەروەها 2018 سێجار لەسەر یەک ناسناوەکەیان بردووەتەوە. هەرچی یانەی ئەهلی مسڕیە، ئەو یانەیە هیچ ناسناوێکی نەبردووەتەوە و سێجار پلەی سێیەمیان بەدەستهێناوە.