مو‌سا ئه‌حمه‌د: كاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه دۆخی رۆژئاوای سه‌ختتركردووه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی به كوردستان24ـی رایگه‌یاند، دوای كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه‌كه و گه‌یاندنی هاوكاری به لێقه‌وماوان، سه‌رۆك بارزانی به هه‌لی زانی له نزیكه‌وه سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاری قوربانییان بكات و پاڵپشتی خۆی بۆ زیانپێكه‌وتووان و خه‌ڵكی رۆژئاوا دووپاتكرده‌وه.
هه‌روه‌ها مو‌سا ئه‌حمه‌د له‌میانی قسه‌كردنی له‌گه‌ڵ ئیسلام یوسف، په‌یامنێری كوردستان24 له ژووری هه‌واڵی كاتژمێر (8:00)، كه ئێستا له جندرێسی سه‌ر به عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان، گوتیشی، سه‌رۆك بارزانی ده‌ستخۆشی له هه‌موو كارمه‌ندانی تیمه‌كانی فریاگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگای خێرخوازی بارزانی كردووه بۆ به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكردووه‌ته‌وه كه هاوكاری و خزمه‌تی هه‌موو زیانپێكه‌وتووانی ئه‌و ناوچانه بكه‌ن به‌بێ جیاوازی.
هاوكات باسی له‌وه‌شكرد، سه‌رۆك بارزانی به‌رده‌وام چاودێری هه‌نگاوه‌كانی گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان و كاركردنی تیمه‌كانی فریاگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ده‌كات له باكوور و رۆژئاوای كوردستان بۆ هاوكاریكردنی لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه.
سه‌باره‌ت به هه‌وڵ و كاره‌كانیان، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی روونیكرده‌وه، گه‌یاندنی هاوكاری به لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه له رۆژئاوا زۆر زه‌حمه‌تتره وه‌ك له باكووری كوردستان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ كه‌مپێك نییه و ئێستا كه‌مپێك دروستكراوه، هه‌روه‌ها خه‌ڵكه زیانپێكه‌وتووه‌كه‌ش بڵاون و له شوێنێك كۆنه‌بووه‌نه‌ته‌وه بۆیه پێویسته ئه‌وان سه‌ردانی ناوچه‌یه‌كی فراوان بكه‌ن بۆ گه‌یشتن به لێقه‌وماوان و گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان.
له‌باره‌ی قه‌باره‌ی زیانه‌كانیش، مو‌سا ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كاره‌ساتێكی زۆر گه‌وره ناوچه‌ی عه‌فرین و جندرێسی گرتووه‌ته‌وه و بۆیه هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیان ده‌ده‌ن له گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان به‌رده‌وامبن و ئاشكراشیكرد، ئه‌و كاروانه هاوكارییه‌ی ئێستای ده‌زگاكه‌یان ته‌واوی پێداویستی لێقه‌وماوان پڕناكاته‌وه بۆیه كاروانی دیكه‌ی هاوكاری به‌ڕێگه‌وه‌ن بۆئه‌وه‌ی بگه‌نه رۆژئاوای كوردستان.
مو‌سا ئه‌حمه‌د ئاشكراشیكرد، له په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ رێكخراو و لایه‌نی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش بۆ گه‌یاندنی هاوكاری زیاتر ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه بكرێت و به‌رده‌وامده‌بن له‌سه‌ر دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی زیاتر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، بۆیه نووسینگه‌یه‌كی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی‌یان له عه‌فرین كردووه‌ته‌وه.
واشبڕیاره زیاتر له 20 هه‌زار خێوه‌ت و پێداویستی دیكه بگه‌یه‌ندرێته رۆژئاوای كوردستان كه لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه به‌هۆی سه‌رماوسۆڵه‌ی زستانه‌وه له دۆخێكی مرۆیی خراپدان.