ئێران ھۆشداری توند دەداتە ئیسرائیل
K24 – هه‌ولێر:
لە ئەگەری ھەر ھەنگاوێکی سه‌ربازی ئیسرائیل دژی ئێران، تاران ھۆشداری توند دەداتە ته‌لئه‌ڤیڤ و ده‌ڵێن، وەڵامی خێرا و یەکلاکەرەوەیان دەبێت.
ناسر كەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، ھەر لایەنێك پلانی بە ئامانجکردنی ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی هه‌بێت، رووبەڕووی وەڵامی خێرا و تووند دەبێتەوە.
دەشڵێت، ئیسرائیل زۆر لەوە لاوازتر هەنگاوی سەربازی لەدژی ئێران بگرێتەبەر.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ھۆشداری بە ئەمه‌ریكاش دەدات، لە ئەگەری ھاوكاریكردنی ئیسرائیل و رایگه‌یاند، ئەوان پێشتر لەو حاڵەتانەدا كە کردەی ناژیرانەیان گرتووەتەبەر، تامی لێدانە توندەكانی ئێرانیان چەشتووە.
له ماوه‌ی رابردوودا ئیسرائیل سێ‌جار دامه‌زراوه‌یه‌كی چه‌كیان له نزیك شاری ئه‌سفه‌هان له ناوه‌ڕاستی ئێران كرده ئامانج، دواتریش دوو كاروانییان له‌سه‌ر سنووری عێراق و سووریا كرده‌ئامانج، به گوته‌ی ته‌لئه‌ڤیڤ چه‌كی ئێرانی‌یان بۆ سووریا و حزبوڵڵای لوبنانی ده‌گواسته‌وه.
پێشتریش بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاندبوو، هەموو وڵاتانی جیهان ئەو راستییە دەبینن، کە چۆن ئێران گرژییەکان بۆ وڵاتانی دیکە و تەنانەت دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەگوازێتەوە.
ناتانیاهۆ راشیگه‌یاندبوو، هاوڕاییەک هەیە کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، گفتوگۆی زۆرباشمان لەوبارەیەوە له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا کرد کە سیاسەتێکی هاوبەشمان هەبێت و بەیەکەوە کاربکەین بۆ رێگریکردن لە مەترسییەکان.