شاندی وه‌زاره‌تی سامانه‌سرووشتییه‌كان و كۆمپانیای سۆمۆ كۆبوونه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی سامانه‌سرووشتییه‌كان و كۆمپانیای سۆمۆ جه‌خت له‌سه‌ر هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێکەوتن لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز لە عێراقی لە چوارچێوەی دەستوور کرد.

رۆژی دووشەممە (13ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، شاندی وەزارەتی سامانەسرووشتییەکان بە سەرۆکایەتی کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، سەردانی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە (سۆمۆ) کرد.

لەو سەردانەدا شاندی وەزارەتی سامانەسرووستییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ جەختیان کردەوە لە دروستکردنی هەماهەنگییەکی باشتر لە نێوان هەردوولا و باسیان لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێکەوتن لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز لە عێراقی لە چوارچێوەی دەستوور کرد.
ئه‌م دیداره‌ی نێوان شاندی وه‌زاره‌تی سامانه‌سرووشتییه‌كان و كۆمپانیای سۆمۆ له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا دێت كه‌ ماوه‌ی دوو رۆژی خایه‌ند و ئه‌مڕۆ گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌ولێر.

هه‌ر ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (13ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوو لە جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سامی جەلال، راوێژکار لە وەزارەتی ناوخۆ و عەبدوڵڵا عەبدولقادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراقی فیدراڵ کۆبوونەوە.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرفت و بەربەستەکانی بەردەم هەماهەنگی نێوان هەردوولا کرا، هه‌روه‌ها کۆمەڵێک بابەت گفتوگۆیان لەبارەوە کرا بە مەبەستی باشترکردنی ئەو هەماهەنگییانە و یەکخستنەوەی تەعریفەی گومرکی بەشێوەیەک کە لە خزمەت هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ دا بێت.

هه‌ر ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (13ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

‎به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر کارنامەی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵ کرایەوە و گفتوگۆ کرا لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی و ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم لە نێو بودجەکەدا.

‎له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا بیروڕایان لەبارەی پەرەپێدان و ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز و ناردنی پێشنیازەکانی حکومەتی ھەرێم لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق ئاڵوگۆڕکرد و بڕیاردرا لەپێناو گەیشتن بە چارەسەر و رێکەوتن کۆبوونەوەو گفتوگۆکان درێژەیان ھەبێت.

هه‌روه‌ها رۆژی یەکشەممە (12ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ کۆبووەوە و ئاوات شێخ جەناب، وه‌زیری دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ سه‌رۆكایه‌تی شانده‌كه‌ ده‌كات ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجیەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە رێکەوتن بۆ داڕشتنی یاسایەک کە لە چوارچێوەی دەستوور و لە خزمەت هەموو پێکهاتە و هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا بێت.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هەر لە کۆبوونەوەکەدا کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وردەکاری تێڕوانینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بارەی رەشنووسی پرۆژە یاساکەوە خستەڕوو، هه‌روه‌ها ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، هەبوونی یاسای نەوت و گازی لە عێراق بە گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بە تێروانینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کۆی پرۆژە یاساکە کرد.

ئێوارەی رۆژی شەممە (11ـی شوبات/فێرایه‌ری 2023)، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری گه‌یشتنه‌ شاری بەغدا.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی حكومه‌ت، ئامانج لە سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردنە لە سەر شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 عێراق و پڕۆژە یاسای نەوت و غازو مادەی 140 و چەند دۆسیەیەکی دیكه‌.

پێشتر كوردستان24 بڵاویكرده‌وه‌، ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه‌ (11ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری و ئه‌ندامێتی هه‌ریه‌كه‌ له‌ كه‌مال محه‌ممه‌د، وه‌زیری كاره‌با و سامانه‌سرووشتییه‌كان به‌وه‌كاله‌ت، ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، خالد هادی چاوشلی سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی و جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌ت و فارس عیسا، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا، پێكهاتووه‌.