وەزارەتى خوێندنى باڵا: هۆڵەندا زەمالەی خوێندنى ماستەر و کۆرسی راهێنان بۆ قوتابیانی بیانی دەستەبەر دەکات

"کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی هۆڵەندا پشتگیری دارایی دەکرێت"
وەزارەتی خوێندنی باڵا
وەزارەتی خوێندنی باڵا

K24 - هەولێر:

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڵاویکردەوە، وڵاتی هۆڵەندا کورسی خوێندنی ماستەر و ژمارەیەک کۆرسی راهێنان بۆ فێرخوازانی بیانی رادەگەیەنێت.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویکردووەتەوە، پرۆگرامەکە لەژێر ناوی (Orange Knowledge Programme)  دەبێت و هەر کەسێک مەرجەکانی بەرنامەکەی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی هۆڵەندا هەبێت و بیەوێت بەشداری لە کۆرسەکانی ڕاهێنان بکات، بە لەبەر چاوگرتنی مەرج و تێبینییەکان، دەتوانێت داواکاری لە رێگەی ئەم لینکە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکات:

ماستەر:

-  پێشکەشکار دەبێت مامۆستا یاخود فەرمانبەر بێت لە یەکێک لە دامەزراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

-  پێشکەشکار دەبێت لانیکەم کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە.

-  پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بە کالۆریۆسی لە (65%) کەمتر نەبێت.

-  ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.

-  داواکار دەبێت لەهەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتە بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).

-  کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتا بەموچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

-  کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی هۆڵەندا پشتگیری دارایی دەکرێت.

-  پێشکەشکردن راستەوخۆ تەنها لە رێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە (وڵاتی هۆڵەندا) دەبێت.

کۆرسی راهێنان:

وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ کۆرسەکانی راهێنان هیچ مەرجێکی نیە، بەڵام کاتێک داوای نوسراوی پشتگیری دەکرێت، پێشکەشکارپێویستە سەرەتا نوسراو لە فەرمانگەکەی خۆی بهێنێت، ئەوکات وەزارەت دەتوانێت پشتگیری کاندید بکات.