ئه‌ردۆغان: توركیا بەڕێزەوە لە یارمەتی و هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت

نێچیرڤان بارزانی و ئه‌ردۆغان كۆبوونه‌وه‌
نێچیرڤان بارزانی و ئه‌ردۆغان كۆبوونه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

له‌ ئه‌نقه‌ره‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك كۆماری توركیا، كۆبوونه‌وه‌ و ئه‌ردۆغان دووپاتیكرده‌وه‌، توركیا به‌ رێزه‌وه‌ له‌ هاوكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕوانێت.

ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 14ـی شوبات / فێبرایه‌ری 2023)، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان،  لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری تورکیا، لە ئەنقەرە کۆبووەوە و دووبارە سەره‌خۆشیی سه‌رۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی بە ئەردۆغان و گەلی تورکیا راگەیاند، بۆ ئەو کارەساتەی لە ئەنجامی بوومه‌لەرزەکەی شەشی ئەم مانگە لە چەندین ناوچەی تورکیا و سووریا روویدا.

نێچیرڤان بازرانی هاوکاری و پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ تورکیا دووپاتکردەوە.

لای خۆیەوە سه‌رۆك كۆماری توركیا، سوپاس و پێزانینی بۆ سەردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی و بەسەرکردنەوەی لێقەوماوان و شوێنە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەكه‌ دەربڕی و دووپاتیکردەوه‌، توركیا بەڕێزەوە لە یارمەتیی مرۆیی و هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان و تیمەکانی دەڕوانێت، کە هەر لە سەرەتاوە بۆ بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی قوربانییان، گەیشتنە شوێنە زیانلێكه‌وتووه‌كان.

ده‌رفه‌ته‌کانی بره‌ودان به‌ پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی ناوچەکە بە گشتی و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبووەوەکە بوو.