"بڕیاری لێخۆشبوونی بەستنی پێوەری ئاو و بەشێكی كرێی ئاو درێژكرایه‌وه‌"

ئاوی پاك
ئاوی پاك

K24 - هه‌ولێر:

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا بە نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاكو ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستاوە.

ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگەیاند، دوای ئەوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی هەشت مانگدا هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتی لێخۆشبوونی كرێی بەستنی پێوەری ئاو كرد، ئەو بڕیارە سوودێكی زۆر باشی بۆ هاووڵاتییان هەبوو، بەهۆیەوە رێژەی بەستنی پێوەری ئاو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەرزبووەوە و گەیشتە نزیكەی 80% و  ئەمەش كاریگەرییەكی زۆر باشی هەبوو.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی ئاو، گوتی: "لەمڕۆوە بڕیاری لێخۆشبوونی بەستنی پێوەری ئاو تاكو 21/4/2023 لەبەر بەرژەوەندی هاووڵاتییان نوێكراوەتەوە، هاووڵاتییان لە ئێستاوە دەتوانن سەردانی بنكە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو و كۆكردنەوەی كرێی ئاو بكەن، بۆ ئەوەی مامەڵەی بەستنی پێوەریان بۆ جێبەجێبكرێت.

ئاری ئەحمەد گوتیشی: ''لە سەنتەری شارە گەورەكانی وەکو هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە، هەر هاووڵاتییەك مامەڵەی بەستانی پێوەری ئاو بكات، لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت كە پێشتر هەشتا هەزار دینار بووە، بەڵام ئێستا بۆی دەكرێتە تەنیا 20 هەزار دینار".

سەبارەت بە دەرەوەی سەنتەری شارە گەورەكان، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گوتی: "لە هەر قەزا و ناحییە و كۆمەڵگەیەك، كە پێوەری تێدا دەبەسترێت، لە 80 هەزار دینارەوە بۆیان دەكرێتە تەنیا 10 هەزار دینار، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین هەتا زووە سوود لەم ماوە دیاریكراوە وەربگرن و سەردانی بنكە و بەڕێوەبەرایەتییەكان بكەن بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەكانیان، چونكە ئەو بڕیارە نوێ ناكرێتەوە.''