بە وێنە.. لە عێراق رێستۆرانتێک دەدۆزرێتەوە کە تەمەنی 5000 ساڵە
K24 - هەولێر:
پسپۆڕانی بواری شوێنەوارناسی لە عێراق شوێنەواری رێستۆرانتێکی سەردەمی سۆمەرییەکان دەدزۆنەوە کە مێژووەکەی بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
شوێنەوارەکە لەلایەن تیمێکی هاوبەشی ئیتاڵی و ئەمەریکی لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای زیقار دۆزراوەتەوە کە گەورەترین شوێنەوارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەکەوێتە ئەو پارێزگایە.
تیمە هاوبەشەکە کە لە هەردوو زانکۆکانی (پێنسلڤێنیا و پیسا)ـوە هاتوونەتە عێراق، لە رێستۆرانتەکەدا سیستەمی ساردکەرەوەی سەرەتایی، فڕنی گەورە، قاپ و کەلوپەلی ئامادەکردن و پێشکەشکردنی خواردنیان دۆزیووەتەوە.
شوێنەوارناسان باس لەوە دەکەن، رێستۆرانەتەکە دوو شوێنی بۆ خواردن و خواردنەوە هەبووە، یەکێک کراوە و ئەوی دی داخراو.
ئەو شارەی رێستۆرانتەکەی تێدا دروستکراوە، بە شاری لاگاش ناسراوە، کە شارێکی کۆنی سۆمەری بووە و ناوەندێکی شارستانیەت بووە لە میزۆپۆتامیا.