ئه‌ڵمانیا: له‌ مانگی ئازاردا تانك و زرێپۆشه‌كان رەوانەی‌ ئۆكرانیا دەکەین

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، لە کۆتایی مانگی ئازاری 2023، بەشێک لە کەتیبەی تانکی لیۆپارد-2 و نزیکەی 14 زرێپۆش رەوانەی ئۆکرانیا دەکەن، لە کاتێکدا ئەندامانی ناتۆ رووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە دابینکردنی ئەو تانکانەی کە بەڵێنیان بە کیێڤ دابوو.

بۆریس پیستۆریۆس وەزیری بەرگری ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ لە برۆکسل رایگەیاند "بە راشکاوی کەتیبەیەک نا، به‌ڵام ئه‌ڵمانیا نیو کەتیبە ده‌به‌خشێته‌ ئۆكرانیا".

لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵدا، بەرلین و رۆژئاوا بەڵێنیان دا نزیکەی 30 تانکی لیۆپارد2 بە ئۆکرانیا بدەن، بۆ ئەوەی یارمەتی کیێڤ بدەن لە رووبەڕووبوونەوەی سوپای رووسیا.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکەی دەتوانێت "14 تانکی لیۆپارد-2 A-6 لە ئەڵمانیاوە دابین بکات، جگە لەو سێ تانکە کە پورتوگال بۆ ئۆکرانیا رەوانەیان دەکات.

گوتیشی "دەمەوێت ئەوە روون بکەمەوە کە لە هەفتەی کۆتایی مانگی ئازاردا دەگەیەنرێت، ئەوە دڵنیایە".

پیستۆریۆس لە زاری هاوتا ئۆکراینییەکەی ئۆلیکسی رێسنیکۆڤەوە ده‌ڵێت: "رازییە لەم ژمارە تانك و زرێپۆشانه‌ی کە بۆیان دەنێرین".