فەرەنسا به‌درێژایی شه‌ڕی داعش پشتیوانی له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كردووه‌

kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپیانەی دوای دروستبوونی رێکخراوی داعش زۆرترین زیانی لەلایەن ئەو رێکخراوە پێگەیشت بەراورد بە وڵاتە ئەوروپییەکانی دیکە. فەرەنسا بە زۆر شێواز هاوکاری پێشکەشی هەرێمی کوردستان کردووە لە شەڕی دژی داعش و ھێزە ئەمنییەكانی ھەرێمی كوردستانیش بەردەوام رووبەڕووی پاشماوەكانی داعش دەبنەوە و پیلانەكانی ئەو گرووپە چەكدارییە پوچەڵ دەكەنەوە.

پاریس و ھەولێر لەرووی جوگرافی لە یەك دوورن، بەڵام نزیكایەتییەكی گەرم و لەمێژینەیان ھەیە، لەسەرووی ھەمووشیان ھاوكارێكی جدی شەڕ لەدژی تیرۆرن. لەرۆژی یەكەمەوە پێشمەرگەی لەسەر زەوی لەجیاتی ھەموو جیھان شەڕی لە دژی داعش كرد و لەناوی برد. فەرەنساش ھەر زوو لەو رۆڵە گرنگ و چارەنووسسازەی ھەرێمی كوردستان تێگەیشت و پشتیوانێكی باشی سەربازی و مەعنەوی كوردستانی كرد.

لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا ھێزە ئەمنییەكان لە ھەرێمی كوردستان چەندین پیلانی چەكدارانی داعشیان پوچەڵكردووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیى دژەتیرۆرى کوردستان، لەماوەی ساڵی 2022دا ھێزەكانیان توانیویانە سێ پیلانی گەورەی چەكدارانی داعش پوچەڵ بكەنەوە كە بەنیازبوون لە شاری ھەولێر كردەوەی تیرۆرستی ئەنجامی بدەن.

لە 8ی تشرینی دووەمی 2022 ھێزەكانی دژە تیرۆر لەشاری ھەولێر دوو چەكداری دیكەی داعش دەستگیر دەكەن كە لە كەمپی ھۆلەوە ھاتبوونە ھەولێر و بەنیازی ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی بوون.

لە رێككەوتنی 25ی كانوونی دووەمی 2022 ھێزە ئەمنییەكان لە شاری ھەولێر دوو چەكداری داعش دەستگیر دەكەن كە بەنیازی ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆستی بوون لە شارۆچكەی عەنكاوە.

ھەر لە شاری ھەولێر لە 23ی كانوونی یەكەمی 2022 دوو چەكداری دیكەی داعش دەستگیر دەكرێن كە لەلایەن ئەمیرێكی داعشەوە بەناوی ئەركان سعید فەزل ناسراو بە ئەبو ھمام راسپێردرابوون بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو و پشتێنەی بۆمبرێژكراو كردەوەی تیرۆریستی لە ھەولێر ئەنجام بدەن.

ھەر بەپێی زانیارییەكانی دژە تیرۆری كوردستان ھەروەھا ئەم چەكدارانە هەستاون بە کڕینی چەک و پێداویستی سەربازیی و هاوکات لە پیلاندا بوون تا لە داهاتوودا کردەوەی تیرۆریستیی زیاتر ئەنجام بدەن، بەڵام بە هەوڵ و چاوکراوەیی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان توانرا ئاشکرا بکرێن و دەستگیر بکرێن