سه‌ربه‌ست له‌زگین: یەکێتی کات دەکوژێت و کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی ناکات

سەربەست لەزگین
سەربەست لەزگین

K24 - هەولێر:

سەربەست لەزگین ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن، یەکێتی کات دەکوژێت و کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی ناکات.

سەربەست لەزگین راشیگەیاند، دەکرێت لە رێگەی سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان کۆبوونەوە بکرێت و پێویستە یەکێتی بەخۆیدا بچێتەوە و پرسەکان بە گرنگ وەربگرێت، چونکە بەرپرسیارێتی مێژوویی لەسەر هەموو لایەنەکانە. 

له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ رۆژنامه‌ی (سه‌باح)ـی عێراقی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌زگین گوتی: "دیار نییه‌ ئه‌و راپرسییه‌ی كه‌ رۆژنامه‌ی (سه‌باح)ـی عێراق كردوویه‌تی، چۆن كراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌مان كه‌مێك پێش ئێستا له‌زاری حكومه‌تی عێراق بیست، كه‌ حكومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌ نییه و ته‌نیا سۆشیالمیدیا ئه‌و پرسه‌ی گه‌وره‌ كرد".

دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یه‌كێتی رۆژی 28ـی کانوونی دووەم لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان تاووتوێکرا، هاوکات پرسی ئەمنی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

بۆ ئاساییکردنەوەی ئەم دۆخەی بەهۆی کێشەکانیان هاتووەتە ئاراوە، لە ماوەی رابردوودا مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئامادەیی حزبەکەی راگەیاند بۆ دانوستان و گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکێتی.