سه‌فین دزه‌یی: شانده‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ئاستی به‌رز پێشوازی ده‌كرێن
K24 - هه‌ولێر:
له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئیمارات و به‌شداریكردنی له لوتکە جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی و هه‌روه‌ها سه‌ردانیان بۆ فه‌ره‌نسا و دیداریان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌م وڵاته، سه‌فین دزه‌یی رایده‌گه‌یه‌نێت، پێشتر ئه‌و ده‌رفه‌تانه بۆ كورد نه‌ده‌ره‌خسا، به‌ڵام ئێستا شانده‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ئاستی به‌رز، له وڵاتان، كۆڕبه‌نده‌كان و كۆبوونه‌وه‌كان پێشوازی ده‌كرێن.
سه‌فین دزه‌یی سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له میانه‌ی به‌شدارییان له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24، كه رۆژنامه‌نووس ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، رایگه‌یاند، جیا له‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لوتکە جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی به‌شداریكرد، له په‌راوێزی ئه‌و لوتكه‌یه‌دا ژماره‌یه‌ك دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ئیماراتی ئه‌نجامدا، تێیدا به‌ڵێنی پێكه‌وه كاركردن و هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه.
سه‌فین دزه‌یی گوتیشی: "سه‌رۆكی حكومه‌ت دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ركرده‌ی به‌شدار له لوتكه‌ی حكومه‌ته‌كان له دوبه‌ی ئه‌نجامدا، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كان بارودۆخی گشتی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بوو، هه‌روه‌ها باس له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاتانه ته‌وه‌ری دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان بوو".
له‌باره‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی به‌شداری شاندی هه‌رێمی كوردستان، سه‌فین دزه‌یی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و دروستكردنی په‌یوه‌ندیی نوێی و تازه، ره‌هه‌ندی گرنگی به‌شداری شاندی هه‌رێمی كوردستانه له‌و كۆڕبه‌ند و كۆبوونه‌وانه.
جه‌ختی كرده‌وه، له ئاینده‌دا هه‌وڵده‌درێت كونسوڵخانه‌ی دیكه‌ی وڵاتان له هه‌ولێر بكه‌ینه‌وه.