ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌غدا و هه‌ولێر: رێككه‌وتنی شنگال جێبه‌جێبكه‌ن

ئاڵای عێراق و هه‌رێمی كوردستان
ئاڵای عێراق و هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

ئیرڤن هیکس، کونسوڵی گشتی ئەمه‌ریکا لە هەولێر رایگه‌یاند، ئەمریکا پاڵپشیتی لە دیموکراسی عێراق دەکات و "ده‌بێت حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێككه‌وتنی شنگال جێبه‌جێبكه‌ن."  

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (21ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، ئیرڤن هیکس، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، پاڵپشیتی ئەمه‌ریکا بۆ حكومه‌تی ئێستای عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی دووپاتكرده‌وه‌ و گوتی، "عێراق وەک کاری لەپێشینەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەمێنێتەوە، هاوبەشی و هەماهەنگی ئێمە لەگەڵ خەڵکی عێراق دەبێتە بەردی بناغەی سیاسەتمان لە ناوچەکە."

كونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا باسی له‌ رێككه‌وتنی شنگالیش كرد و رایگه‌یاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن و ئاسایشی ناوچەکەش بپارێزن، ئەگەر بمانەوێت پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە هەرێمەکە ئانجامبدەین دەبێت میلیشیاکان بکشێنەوە و حکومەتی عێراقیش دەبێت بە بەرپرسیارەتی خۆی هەستێت و ئاسایشی هەمووان بپارێزێت."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "ئێمە پاڵپشیتی لە دیموکراسی عێراق دەکەین و داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە و سەروەری یاسا بپارێزن. بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لە جبەجێکردنی ئەجێندای چاکسازی ئابووری و فرەچەشنکردنی ئابووری و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت."

له‌باره‌ی پێشكه‌شكردنی كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كان بۆ په‌نابه‌ران، كونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا روونیكرده‌وه‌، "لەگەڵ حکومەت کاردەکەین بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و شه‌ش چارەسەری تۆکمە بۆ ئاوارە و پەنابەرانی سووری و هەموو ئەوانەی بەهۆی شەڕەوە دەربەدەربوون، لە ساڵی 2014ەوە ئەمەریکا زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری هاوکاری مرۆیی پششکەشی عێراق کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمەریکا زیاتر لە ملیارێك دۆلاری بۆ ئاساییکردنەوە و گەشەپێدان لە عێراق تەرخانکردووە.".