ناوەندە فەرمییەكانی ئێران: یەكێتی و گۆڕان هاوكاریمان دەكەن لەچاودێریكردنی جموجوڵی پارتەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان

سەرچاوەیەك لە سوپای پاسداران: هەواڵگری سەر بە پاسداران چاودێری جموجوڵی گروپە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن لەناو خاكی هەرێمەوە تا دەگەنە ناو خاكی ئێران

K24 – هەولێر:

ناوەندە فەرمییەكانی ئێران ڕایانگەیاندووە"" یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی "جەلال تاڵەبانی" و بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتی "نەوشیروان مستەفا" هاوكاری تاران دەكەن لە چاودێریكركردنی جموجوڵی هێزە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران.

ڕۆژنامەی "ئەلحەیات" ڕاپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و لەبارەی دۆخی ناوچە سنورییەكان و شەڕ و پێكادانەكانی ئەم دواییەی نێوان هێزە ئۆپۆزیسیۆنە كوردییەكانی ئێران و سوپای پاسدارانی ئێرانی زانیاری لەسەر زاری بەرپرسانی سوپای پاسدارانەوە خستووەتە ڕوو.

 فەرماندەیەكی سوپای پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە ناوی "محەمەد حسێن ڕەجەبی" وەك ئاماژەیەك بۆ پێشمەرگەكانی "حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران" و" كۆمەڵە "و گەریلاكانی " پەژاك"  ڕایگەیاندووە""كە ژمارەیەك چەكدار كە بە "شەڕانگێز و پەیوەست بە گروپە نەیارەكانی شۆڕشی ئێرانی" ناویبردوون ، لە شاری "سێرۆ" (سرواباد" ی سەرسنوری عێراق كوژراوون.

"ڕەجەبی" هەروەها گوتوویەتی سوپای پاسداران "11" كەسی گروپە چەكدارەكانی نەیاری ئێرانی كوشتووە و "3" چەكداری دیكەش كەویستوویانە لە سنور بپەڕنەوە و دزە بكەنە ناو ئێران، لە گەمارۆیەكی ئەمنیدا دەستگیر كراوون.

ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران، وڵاتانی هەرێمی تۆمەتباار كردووە بەوەی هاوكاری گروپە چەكدارەكان دەكەن،گوتویەتی" پەیاممان ئاراستەی ئەوانە كردووە كە پاڵپشتی و هاوكاری ئەو گروپانە دەكەن و ئیرادە و توانایی خۆمان نیشانداوە، و بەرپرسێكی دیكەی سوپای پاسدارانیش بەڵێنی داوە كە ئەو گروپە جوداخوازانە بكەنە دەرەوەی سنووری ئێران.

هەروەها فەرماندەی سوپای پاسداران گوتویەتی" كە "14" چەكدار ویستویانە دزە بكەنە ناو خاكی ئێران، توانیویانە "11" كەسیان بكوژن و "3" كەسی دەیكەیان دەستگیر بكەن.

ڕۆژنامەی "ئەلحەیات" لە درێژەی ڕاپۆرتەكەیدا نوسیویەتی" قەسەكانی ئەو بەرپرسەی پاسداران وەك ئاماژەیەكە بەوەی، تاران تۆمەتەكانی ئاراستەی لایەنێكی پەیوەست بە پارتی دیموكراتی كوردستان" كە "مەسعود بارزانی" سەرۆكی ئەو حزبەیە، دەكات بەوەی هاوكاری ئەو گروپە چەكدارانە دەكەن، و تۆمەتەكانیشی لەوەدا چڕكردووەتەوە كە ئەندامانی سەر بە حزبەكەی"بارزانی" پاڵپشتی ئەو كوردانەی ئێران دەكەن كە جیابوونەتەوە و لەگەڵ "پارتی ژیانی ئازاد" (پەژاك) هاوسۆزن.

ڕۆژنامەكە هەروەها نوسیویەتی،پێشتریش ناوەندە فەرمییەكانی ئێران تەئكیدیان لەوە كردووەتەوە كە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی "جەلال تاڵەبانی" و بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتی " نەوشیروان مستەفا،لەگەڵ تاراندا هاوكاری دەكەن بۆ چاودێری و جموجوڵی ئەو گروپە جیابووەوانە، وەك ئاماژەیەك بە حزبە كوردییە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێران.

ئەم قسە و باسانە پەیوەستە بەو شەڕ و پێكادانانەی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە لە 16 ی حوزەیرانی ڕابردوودا ، ئێران ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پێشمەرگەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەنجامدا، وەك سوپای پاسداران ڕایانگەیاند" ویستویانە ئارامی و ئاسایشی ناوچە كوردییە سنورییەكان تێكبدەن و دڵەڕاوكێ و ژاوەژاو دروست بكەن.

پەیوەست بەو ڕووداوانە "محەمەد پاكپور" فەرماندەی هێزە زەمینییەكانی سوپای پاسداران گوتبووی ( هێزەكانمان ئامادەن گروپە چەكدارەكان بكەنە ئەو دیوی سنوور) وەك ئاماژەیەك بۆ خستنەڕووی توانا وئیرادەیان لەوەی بێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە و دەست بەسەر ئەو گروپانەدا بگرن كە بۆشایی ئەمنی لە عێراق وایكردووە لەوێوە كاریگەری بخەنە سەر ناوخۆی ئێران.

سەرچاوەیەكی نزیك لە سوپای پاسداران بە "ئەلحەیاتی" گوتووە كە هەوڵگری سەر بە پاسداران لە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا كار لەسەر جموجوڵی كوردەكانی ئێران دەكەن، بەتایبەتی لە ژێر تیشكی ئەو هاوكارییەی لە دەزگا حكومی و سەربازییەكانی هەرێمەوە پێیان گەیشتووە.

سەرچاوەكە ئەوەشی گوتووە كە ئەو هێزە هەواڵگرییە بە شێوەیەكی گشتی كار لەسەر جموجوڵی گروپە كوردییە كان دەكات لەناو خاكی عێراقەوە تا دەگەنە ناو خاكی ئێران.