حدکا نوێنه‌رانی وڵاتان له‌ هەڕەشەکانی سوپای پاسداران ئاگادارده‌كاته‌وه‌

1996 به‌ نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، هەڕەشەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئیران لەمەڕ هێرش کردن بۆسەر بنکەکانی ئەم حزبە لە باشووری کوردستان بە هەڕەشەیەکی جیددی دەزانێت و نوێنه‌ر و كۆنسوڵی وڵاتانی لێ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌.

سکرتاریه‌تی حزبی دیموکراتی کوردستان ئێران لە نامەیەکدا کە ئاراستەی سەرجەم کۆنسوولگەرییەکانی وڵاتانی بیانی لە هەولێر و ريكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە رایگەیاندووە بە لەبەرچاو گرتنی هێرشی هیزەکانی سوپای پاسداران لەساڵی 1996 بۆ سەر بنکەکانی ئەم حزبە لە کۆیە و هەروەها هێرشی کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەمپەکانی موجاهیدین لە ساڵی 2015 دا لە باشووری عێراق، هەڕەشەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بە جددی وەردەگرن.

لەو نامەیەکدا هاوکات لەگەڵ ئاگادار کردنەوەی ئەم ناوەندە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لە مەترسییەکانی روودانی ئەم هێرشانە، داوا لە هەموو لایەنەکان کراوە زەخت بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئیران بۆ ئەوەی کۆتایی بە تۆپباران کردنی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بهێنێ.