بلینكن: هەڵپەساردنی رێککەوتنی نوێی ستارت له‌لایه‌ن رووسیاوه‌ نابەرپرسانەیە

ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24 - هه‌ولێر:

لەبارەی بڕیاری هەڵپەساردنی بەشداری وڵاتەکەی لە رێککەوتنی نوێی ستارت، ئەمه‌ریکا رەخنەی توند لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا دەگرێت و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەم بڕیارە زۆر نابەرپرسانەیە و جێگەی نیگەرانییە.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، سەرەڕای ناکۆکییەکانیان لەگەڵ رووسیا، جیهان چاوەرێ دەکات بەرپرسانە مامەڵە بکەین.

بلینکن هه‌روه‌ها گوتی: "هەڵپەساردنی رێککەوتنی نوێی ستارت له‌لایه‌ن رووسیاوه‌، جێگەی نیگەرانیەکی قووڵە و نابەرپرسانەیە".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتیشی: "بە وریاییەوە چاودێری ئه‌و بڕیاره‌ی رووسیا دەکەین، لەهەر حاڵەتێکیشدا ئێمە هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان و هاوپەیمانەکانیشمان دەنێین، بەدڵنیاییشەوە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا بۆ سنووردارکردنی چەکە ستراتیژییەکان، بەبێ گوێدانە ئەوەی چی لەپەیوەندییەکانماندا روودەدات، پێموابێت زۆر گرنگە بەرپرسانە مامەڵە بکەین، ئەمە ئەو شتەیە هەموو جیهان لێمان چاوەرێ دەکات".