بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز به‌ گوڕی 7.2 پله‌ی رێخته‌ر تاجیكستانی هه‌ژاند

هێلكاری پێوانه‌كردنی بومه‌له‌رزه‌ به‌گوێره‌ی پێوه‌ری رێخته‌ر
هێلكاری پێوانه‌كردنی بومه‌له‌رزه‌ به‌گوێره‌ی پێوه‌ری رێخته‌ر

K24 - هه‌ولێر:

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز به‌ گوڕی 7.2 پله‌ی رێخته‌ر رۆژهه‌ڵاتی تاجیسكتانی هه‌ژاند.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (23ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، ده‌سته‌ی رووپێوی جیۆلۆجی ئه‌مه‌ریكی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ نزیكه‌ی كاتژمێر 5:37 خوله‌ك، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌ گوڕی 7.2 پله‌ی رێخته‌ر و به‌ قووڵایی 20.5 كیلۆمه‌تر وڵاتی تاجیكستانی هه‌ژاند.

به‌گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی تاجیكستان و له‌ نزیك سنووری هه‌رێمی شینجیانگ ئویگوری چینی روویداوە و له‌ وڵاتانی چین، پاكستان، ئه‌ڤغانستان، قیرقزستان و ئوزپاكستان هه‌ستیپێكراوه‌. 

سه‌رچاوه‌كه‌ تا ئێستا هیچ زانیارییه‌كی له‌باره‌ی زیانه‌ گیانی و مادییه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ (23ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز به‌گوڕی 6.4 پله‌ی رێخته‌ر ناوچه‌كانی باكووری كوردستان و توركیای هه‌ژاند.

به‌گوێره‌ی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان، بوومه‌له‌رزه‌كه‌ بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی سێ هاووڵاتی و برینداربوونی زیاتر 300 هاووڵاتی دیكه‌.