سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی: داوای مۆڵه‌تی فه‌رمیمان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ توركیا بمێنینه‌وه‌

مووسا ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی
مووسا ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت، داوایەكیان پێشکەش بە تورکیا کردووە بۆ ئه‌وه‌ی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەوێ بمێنێتەوە و مۆڵەتی فەرمی پێ بدرێت و وەک ھەر رێکخراوێکی نێودەوڵەتی خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بکات.

تیمەکانی فریاگوزاریی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە وەزارەتی ناوخۆ، وەزارتی تەندروستی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی لەسەر راسپاردەی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بوومەلەرزەکەدا و وه‌كو یه‌كه‌مین وڵات، گەیشتنە ناوچە زیانلێكه‌وتووه‌كانی تورکیا و باكووری كوردستان و دەستیان بەکارەکانیان کرد.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکێک بوو لە تیمەکانی فریاگوزاریی هەرێمی کوردستان و لە میانی مانەوەیان بۆ دوو هەفتە، چەندین کۆمەک و هاوکارییان پێشکەش بە لێقەوماوان کرد و سەرۆکی دەزگاکەش وێرای گێڕانەوەی دیمەنە جەرگبڕەکانی کارەساتەکە، ئاماژە بە داتا و ئاماری هاوکارییەکان دەکات و ئاشکرایشی دەکات کە داواکارییان پێشکەش بە تورکیا کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لەوێ بمێننەوە و مۆڵەتی فەرمییان پێ بدرێت.

لە میانی دوو ھەفتەدا، تیمەکانی فریاگوزاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەهۆی بوومەلەرزەکانی تورکیا چەندین خزمەتگوزاری و ھاوکارییان پێشکەش بە ناوچە کارەساتبارەکان کرد و یەکشەممەی رابردووش گەڕانەوە ھەرێمی کوردستان.

مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی رایگه‌یاند: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھەمیشە ئامادەکاریی ھەیە بۆ هەر رووداوێکی لەناکاو، زۆرجار ھەیە تووشی حاڵەتێکی لەناکاو دەبین پێویستە ھاوکاری خێرا بگەیەنینە ئەو شوێنانە، ئەوەی بۆ وڵاتی تورکیا کردمان، ئەوەیە کە ئێمە لێرە بۆخۆمانی دەکەین، بێگومان ھەر کارەساتێک کە لە شێوەی بوومەلەرزە روودەدات، ھاوکارییەکان دابەشی چەند قۆناغێک دەبن کە یەکەمیان گەیاندنی ھاوکاری خێرایە لە رووی تەندروستیی و لە رووی پێدانی خۆراکی سەرەتایی، ھەروەھا قۆناغێکی دیکە دەرھێنانی قوربانییانە لەژێر شوێنە رووخاوەکاندا، چ ئەوانەی لە ژیاندا مابن یان ئەوانەی کە بەداخەوە گیانیان لەدەستدا بێت، ھەر بۆیە ئێمەش لەسەر راسپاردەی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان کە ھاوکات سەرۆکی بۆردی دەزگای خێرخوازیی بارزانی-یە، لەگەڵ تیمی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی و لقی ھەولێری مانگی سووری عێراقی بەڕێکەوتین بۆ شوێنی بوومەلەرزەکان".

مووسا ئەحمەد گوتیشی: "ئێمە یەکەم تیم بووین لەسەر ئاستی وڵاتان گەیشتینە تورکیا، لەوێ لە شارەکانی ئیسڵاحییە، دیاربەکر، مەڕەش، ئادیامان، ئورفا و عەنتاب چالاکییەکانمان دەست پێ کرد، ژمارەی کارمەندەکانی ئێمە جگە لە خۆبەخشەکان 102 کارمەند لە کاردا بوون، کۆمپانیای کاڤین گرووپ کە زیاتر لە 100 ئامێری بۆ ھەڵدانەوە و پاککردنەوەی شوێنەکان ھێنابوو ئەوانیش 150 کەس بوون، تیمەکانی تەندروستیی و فریاگوزاریی 126 کەس بوون، بێگومان ئەوانە گۆڕانکارییان بەسەردا دەھات لە کاتی ئاڵوگۆڕکردنیان، یەکەم چرکە دەستمان کرد بە پێشکەشکردنی خواردنی گەرم بۆ ئەوانەی لە ناوچەکە پێویستییان پێیەتی".

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەش دەخاتەڕوو کە داواکارییەکیان پێشکەش بە تورکیا کردووە بۆ ئەوەی مۆڵەتی فەرمییان پێ بدرێت و لە ناوچەکە بمێننەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "وێرای ئەوەی کە سوپاسی وڵاتی تورکیا و ئافاد دەکەین لە گەیشتنی ئێمە بۆ عەفرین بۆ ئەوەی ھاوکارییەکانمان تیایدا بەردەوام بێت، ھاوکات ئەوەی گرنگە ئێمە لە ناوچەکە بمێنینەوە، ئێمە ئەو داوایەمان پێشکەش بە تورکیا کردووە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەوێ بمێنێتەوە و مۆڵەتی فەرمی پێ بدرێت وەک ھەر رێکخراوێکی نێودەوڵەتی خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بکات، بۆ عەفرین-یش ھەمان داواکاریمان کردووە".

مووسا ئەحمەد لەبارەی پێشکەشکردنی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستییەکانیش گوتی: "تا ئێستا 80 ھەزار و 150 ژەم خۆراکمان دابەشکردووە، بێگومان ژەمی تەواو بووە، ھەروەھا 42 ھەزار و 900 دۆشەک، بەتانی و بالیف، 42 ھەزار و 400 دانە سێتی ئاوخواردنەوە، 18 ھەزار و 820 سەلەی 25 کیلۆیی خۆراکی وشک و زەیت وەکو (فاسۆلیا، برنج، ساوار، مەعجون تەماتە، نیسک و بابەتی دیکە) بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەکانیان، بەڵام ھیچ پێداویستییەکیان نەماوە، 20 ھەزار و 653 سەلەی خۆراکی خێرا بۆ ئەو شوێنانەی کە ئاگریان دەست ناکەوێت و دوورە دەستن (کێک، شەربەت و ئاو)، چوار ھەزار و 977 ھاوکاری پزیشکی، نۆ ھەزار و 55 سۆپا، شەش ھەزار و 808 پاکێجی جلوبەرگ، سێ ھەزار و 128 خیوەت، بڕێک پارەی کاش، ھەشت ھەزار و 184 پاکێج و شیری منداڵان، 27 تۆن خەڵووزمان بۆ خۆگەرمکردنەوە دابەشکردووە".

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بە ھەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک و ھاوکاری بۆ لێقەوماوان کرد کە لە ھەرێمی کوردستانەوە بەرەو تورکیا، باكووری كوردستان، سووریا و رۆژئاوای كوردستان بەڕێکران و گوتی: "لەو ماوەیەدا ھەڵمەتی جۆراوجۆرمان ھەبووە و بەشێکیان لەوێ لە رێگای ئافادەوە دابەشکراوە، کارەساتەکە زۆر گەورە و جەرگبڕە، بەڵام کاتێک ئەو پێشوازییە گەرموگوڕە دەبینرێت ئەوا ئینسان دڵی پێی خۆش دەبێت و لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی کۆکردنەوەی ھاوکاری ھەبووە و راستەوخۆ پێشکەش بە والییەکان و ئافاد کراون لە تورکیا".

مووسا ئەحمەد گوتیشی: "جگە لەوەی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەوردی چاودێری دۆخەکەی دەکرد، ھاوکات جەنابی سەرۆک بارزانی-یش دووپاتی ئەوەی کردووە کە ئەوانە حەقیان لەسەر ئێمە ھەیە و ئێمە چەندین جار تووشی کارەسات بووینە و ئەوانە دەرگایان بۆ ئێمە کردوونەتەوە دووپاتی ئەوەی کردەوە کە ئەم بابەتە بە ھیچ ئاقارێکدا نەبردرێت و ئەمە بابەتێکی ئینسانییە، دواتر سەرۆکی ھەرێم سەردانی شوێنەکەی کرد و لە نزیکەوە دۆخەکەی بینی".

بوومەلەرزەکە تا ئێستا بووەتە ھۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 42 ھەزار کەس لە تورکیا و شەش ھەزار کەسیش لە سووریا، وێرای خاپووربوونی ژمارەیەکی زۆر لە باڵەخانە و خانووی ھاووڵاتییان، دیمەنەکان بە گشتی جەرگبڕ و دڵتەزێنن، یەکێک لەو دیمەنانەی کە سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مووسا ئەحمەد باسی دەکات، چاوەڕوانی ھاووڵاتییان بووە بە درێژایی ئەو ماوەیە بۆ چارەنووسی ئازیزانیان.

مووسا ئەحمەد لەبارەی دیمەنە دڵتەزێنەکانی ناوچە کارەساتبارەکە گوتی: "دیمەنەکان زۆر جەرگبڕبوون، چەندین کەس ھەبوو کە سەرجەمی خێزانەکەی لەم کارەساتەدا گیانیان لەدەستدابوو، یەکێک لە دیمەنە ھەرە ناخۆشەکان لە کاتژمێرەکانی سەرەتادا تا ھەفتەی یەکەم بوو، دەمانبینی خەڵکێک ھەبوو بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بەسەر بلۆکێکی ماڵە رووخاوەکەی دادەنیشت و ھەستی رادەگرت بەس بۆ ئەوەی دەنگێکی زیندوو لەژێر باڵەخانەکەدا بێت و بە ھیوای ئەوەی ئەو دەنگە یەکێک بێت لە ئەندامانی خێزانەکەی، پیرەژنمان دەبینی دەچووە سەر خانووە رووخاوەکەی دەوەستا و دەیگوت منداڵەکانم لەژێر ئەو خانووەن و تەنیا بۆخۆم زیندووم، کارەساتێکی زۆر گەورەبوو کە قەت لەبیرناکرێت".

گوتیشی: "لە ھەرێمی کوردستان 112 بارھەڵگری کۆمەک و ھاوکاری لە رێگای دەزگای خێرخوازی بارزانی نێردراوە بۆ تورکیا و سووریا بە جۆرێک 76 بارھەڵگر بۆ تورکیا و 36 بارھەڵگر بۆ سووریا نێردراوە، ئێستا لە ئادیامان خەریکی دروستکردنی کەمپێکین، ھاوکات لە عەفرین و جندرێس خەڵک بۆخۆی پەیوەندی بە ئێمەوە دەکرد کە بەھانایانەوە بچین ئەمە بابەتێکی گرنگ بوو بۆ ئێمە، چونکە دەمێکی زۆرە ھەوڵدەدەین بچینە عەفرین، بەڵام رێکنەکەوت، زۆریش داوامان کرد لە رێکخراوەکان و ھەتا لە حکومەتی سووریاش کە چۆن بگەین بە عەفرین و ھاوکارییان بکەین، دواتر ئەم کارەساتەیشی بەسەرداھات، بەپێی زانیارییەکان نزیکەی سەدا 80ی جندرێس تێکچووە و بە کەڵکی ژیان نەماوە".

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە شەشی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێخته‌ر تورکیا و باكووری كوردستانییان ھەژاند و سووریایشی گرتەوە و لە ھەرێمی کوردستانیش بەگوڕی 4.7 پلەی رێخته‌ر ھەستی پێکرا.

بوومەلەرزەکان ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە و تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا و سووریا بەھۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە نزیکەی 48 ھەزار کەس.

دوای بوومەلەرزەکانیش چەند تیمێکی فریاگوزاریی بە مەبەستی بەھاناوەچوونی لێقەوماوان گەیشتنە ناوچەکە و لە میانی دوو ھەفتەدا، سەرقاڵی گەڕان و پشکنین بوون و چەندین کەسیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان رزگار کرد، لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان چەندین بارھەڵگری کۆمەک و ھاوکاری رەوانەی ناوچە کارەساتبارەکان کران.