مایکرۆسۆفت زیانی 100 ملیار دۆلاری لە گووگڵدا

K24 - هەولێر:

هەفتەی رابردوو کۆمپانیاکە گەڕانی نوێی Bingـی ئاشکراکرد وەکو مرۆڤ دەتوانێت وەڵامی هەموو گەڕان و پرسیارێک بداتەوە.

مایکرۆسۆفت دەیەوێت گەورەترین زیان لە کۆمپانیای گووگڵ بدات بە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد (AI) لە گەڕانی Bing بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ کۆمپانیای Open AI رێکەوت بۆ بەکارهێنانی ژیری دەستکردی ChatGPT راستەوخۆ لەناو براوزەری Edge و گەڕانی Bing

ئەم کارەی مایکرۆسۆفت بۆ ئەوەیە لەجیاتی ئەوەی بەکارهێنەر لەکاتی گەران بەدوای لینکی وێبسایتەکان بگەڕێت، براوزەرەکە راستەوخۆ وەڵامی پرسیارەکە بداتەوە بە وەرگرتنی زانیاری لە ئینتەرنێت، Bing وەکو مرۆڤێک دەتواندرێت قسەی لەگەڵ بکرێت، گفتوگۆ لەگەڵ بەکارهێنەر ئەنجام دەدات، دەتوانێت وەڵامی زۆرینەی پرسیارە قورسەکان بداتەوە.

لە هەفتەی رابردوو دوای ئاشکراکردنی ژیری دەستکرد بۆ گەڕانی Bing گووگڵ بە بڕی 100 ملیار دۆلار پشکەکانی دابەزی، زیانێکی گەورەی بەرکەوت بەهۆی نەبوونی وەڵامێکی هاوشێوە لەسەر گەڕانی Google

مایکرۆسۆفت هەندێک سنووری بۆ گەڕانی Bing دانا، کە نەتوانێت وەڵامی بابەتی سیاسی، سێکسی، ورژێنەر، ئابڕووبەری و بابەتی ئایینی بداتەوە، تاوەکو بۆچوونی نەبێت لەو بابەتانە، بەڵام ئێوارەی سێشەمە 21ـی مانگ بەشێک لەو سنوورانەی لادا و ئێستا دەتوانێت وەڵامی بابەتی سیاسی بداتەوە.

گەڕانە نوێیەکەی Bing ئێستا بەشێوەی تاقیکاری بۆ بەشێک لە بەکارهێنەران بەردەستە، لەماوەیەکی نزیکدا مایکرۆسۆفت دەڵێت بۆ تەواوی جیهان بەردەستی دەخەن، گەڕان و وەگرتنی زانیاری زۆر ئاسانتر و خێراتر دەکەن لەچاو گووگڵ.