قەیرانی سەوزە و میوە لە بەریتانیا سەری هەڵداوە

دانیشتووانی بەریتانیا ناچارن شێلم وەک جێگرەوەی تەماتە بەکاربهێنن

K24 - هەولێر:

بەهۆی قەیرانی خۆراکەوە بەشێک لە دانیشتووانی بەریتانیا ناچارن لەبری تەماتە و كاهوو روو لە خواردنی شێلم بکەن.

وەزیری ژینگە و خۆراکی بەریتانیا رایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی سەوزە و میوە لە فرۆشگاکانی وڵاتەکە بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی وڵاتەکە ناچارن روو لە خواردنی شێلم بکەن.

پێشبینی وەزیری ژینگە دڵەڕاوکێی لەنێو جووتیاران دروستکردووە، کە پێشبینی کردبوو، ئەو کورتهێنانە تەنیا مانگێک دەخایەنێت، بەڵام جووتیاران پێیان وایە ماوەکە زۆر زیاترە.

جووتیارانی بەریتانیا هۆکاری ئەو قەیرانە بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی وزە و کەمبوونەوەی هێزی کار و بەربەستە بازرگانییەکان دەگەڕێننەوە، بە تایبەت ئەو رێوشوێنانەی دوای برێکزت گیرانەبەر.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی ئەو قەیرانەوە چوار لە گەورەترین فرۆشگاکانی بەریتانیا بڕی کڕینی تەماتە، خەیار و بیبەر و چەندین سەوزەی دیکەیان سنووردار کردووە.

بە گوێرەی داتاکانیش، خواستی ناوخۆی وڵاتەکە بۆ تەماتە 500 هەزار تۆنە لە ساڵێکدا.