چەند فیلمێکی نوێی شای ئەنگوستیلەکان لە بەرهەمهێنانە

K24 - ‌هەولێر:

زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکەی رەخنەی زۆری لێگیرا و ئەو زنجیرە فیلمە نوێیە لە ئێستاوە جێگەی گومانە لەلای هەواداران.

کۆمپانیای WB لە کۆنفرانسی خاوەن پشکەکانی رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای ئیمبرەیسەر گروپ پێکهاتوون چەند فیلمێکی نوێی Lord of The Rings دروستبکەن، فیلمەکان بە لۆگۆی WB و New Line Cinema دەبن.

دەیڤد زازڵۆڤ بەڕێوبەری جێبەجێکاری Warner Bros. Discovery رایگەیاند بەرهەمهێنەرانی کۆمپانیاکە Mike De Luca و Pam Abdy سەرپەرشتی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ئەو فیلمە نوێیانەی شای ئەنگوستیلەکان دەکەن.

تا ئێستا هیچ فیلمسازێک بۆ کاری دەرهێنانی هەر کام لەو فیلمانە دیار نەکراوە، لە لێدوانێکی بۆ Varity دەرهێنەری شەش فیلمی رابردووی ئەو زنجیرە فیلمە پیتەر جاکسن رایگەیاند " هەردوو کۆمپانیای WB و Embracer منیان ئاگادارکردووەتەوە لەو هەنگاوانە و ئاگاداری هەموو وردەکارییەکانم" جاکسن هیچ قسەیەکی لەسەر بۆچوونی خۆی دەرنەبڕی کە چ چیڕۆکێک دەگێڕنەوە یان چۆن دەتوانن دوای کۆتایی هاتنی چیڕۆکەکە بەردەوامی پێ بدەن، یان هاوشێوەی زنجیرەی تەلەڤزیۆنییەکە باسی پێش رووداوی فیلمەکان بکەن.

پارساڵ ستودیۆی Amazon وەرزی یەکەمی لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنی Lord of The Ring: The Rings of Power بڵاوکردەوە، کە بینەرێکی زۆری هەبوو، بەڵام هەواداران بەگشتی رەخنەیان زۆربوو لە زنجیرەکە، بەهۆی لادانیان لە چیڕۆکی رۆمانەکەی J. R. R. Tolkien و دەستکاری هەندێک لە چیڕۆکی کارەکتەرەکان و رووداوەکان کرا.

لە ئۆنڵاین هەواداران بەو راگەیاندراوەی WB دڵخۆش نەبوون چونکە هەر ئەو کۆمپانیایە لە 2021 مافی بەرهەمهێنانی فیلم، یاری و زنجیرەی تەلەڤزیۆنی شای ئەنگوستیلەکانی فرۆشتە Embracer Group کە هەواداران بە خیانەتکردن لە ئاشقانی ئەو زنجیرەیە وەسفیانکرد.