شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: داوامان له سوودانی كردووه جووڵه‌ی هێزه سه‌ربازییه‌كانی كه‌ركووك كۆنترۆڵ بكات
K24 – هه‌ولێر:
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر جووتیارانی كورد له كه‌ركووك، له راگه‌یه‌ندراوێكدا، وێڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و كاره ئاشكرایكردووه، فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراقیان بۆ راگرتنی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر جووتیارانی كه‌ركووك ئاگاداركردووه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (1ـی ئادار/مارسی 2023)، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، زۆربه‌توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه ده‌كه‌ین كه كراوه‌ته سه‌ر جووتیارانی كورد له كه‌ركووك، داواش له‌فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق كردووه ده‌ستبه‌جێ دەستوەردان بکات بۆ کۆنترۆڵی دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانی ناو پارێزگاكه.
هه‌روه‌ها شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، ده‌ستدرێژیینه‌كانی فیرقه‌ی هه‌شتی سوپای عێراقی بۆ سه‌ر جووتیارانی كورد له كه‌ركووك به پێچه‌وانه‌ی یاسا و ده‌ستوور وه‌سفكردووه و رایگه‌یاندووه، لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی راسپاردووه لێكۆڵینه‌وه بۆ ئه‌و پرسه ئه‌نجامبده‌ن.
سه‌باره‌ت به ئامانجی هه‌وڵه‌كانی ئه‌و ده‌ستدرێژییانه، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، "ئامانجیان راگواستنی كورده‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان و نیشته‌جێكردنیانه له ناوچه‌كه".
هه‌روه‌ها له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا داوایكردووه، په‌له بكرێت له ده‌ركردنی یاسا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی هه‌ڵوه‌شاوە، بۆئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ دیارده‌ی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر جووتیاره كورد و توركمانه‌كانی كه‌ركووك دابندرێت.