جوتیار عادل: پشکی هەرێمی کوردستان له بودجه‌ی عێراق بەپێی پێوەری زانستی دانەنراوه

جوتیار عادل گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
جوتیار عادل گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندینجار سه‌ردانی به‌غدای كرد و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی و نه‌وتی عێراق كۆبووه‌وه‌، دواتر گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی و به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێم دیاریكرا، له‌مباره‌یه‌وه‌ گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، پشکی هەرێمی کوردستان له بودجه‌ی عێراق بەپێی پێوەری زانستی دانەنراوه.

له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24، كه‌ ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، جوتیار عادل گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، پێویسته له زووترین کاتدا له‌ عێراق سەرژمێری بکرێت، پشکی هەرێمی کوردستانیش له بودجه‌ی گشتی عێراق بەپێی پێوەری زانستی دانەنراوه.

جوتیار عادل هه‌روه‌ها گوتی: "پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا تەنیا له بودجه سنووردار ناکەین".

له‌باره‌ی یاسای نه‌وت گاز، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، پێویسته کەرتی نەوت رێکبخرێتەوه و یاسای نەوت و گاز له بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراقدا بێت.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌ پێویسته دادگای فیدراڵی رێکبخرێتەوه و ئەنجوومەنی فیدراڵی دابمەزرێت.

سه‌باره‌ت به‌ 400 ملیار دیناره‌كه‌، جوتیار عادل ده‌ڵێت، بابەتی 400 ملیار دینارەکه، تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوه.

دووپاتیكرده‌وه‌، له‌ به‌غدا داوای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی سەردەمی رژێمی بەعسیان کردووه.