شەش دەرمانخانە و دوو کۆگای دەرمان لە هەولێر داخران
K24 - هەولێر
بە بڕیاری دادگا، شەش دەرمانخانە و دوو کۆگای دەرمان لە هەولێر، بەهۆی مامەڵەکردن بە دەرمانی نایاساییەوە، داخران و سەرپێچیکارانیش دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتی کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان، لەبارەی داخستنی ئەو شوێنانەوە دەڵێت: "بەهۆی مامەڵەکردن بە دەرمانی بێ سەرچاوە و قاچاخەوە بووە، داخستنەکە بۆ ماوەی شەش مانگ دەبێت و سەرپێچیکارانیش دەستگیرکراون".
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، ئاگاداری سەرجەم دەرمانخانەکان دەکاتەوە کە پابەندیی تەواوی رێنماییەکان بن و خۆیان بەدوور بگرن لە مامەڵەکردن بە دەرمانی قاچاخ و ساختە، ئەگەرنا رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان، هۆشداریی ئەوەش دەدات: "لیژنەکانیان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ رێگەگرتن لە مامەڵەکردن بە بەرهەمی نایاسایی و قەدەغەکراو".
سەرچاوە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری