دوای ساڵێک وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و رووسیا کۆبوونەوە

K24 - واشنتن:

رۆژی پێنجشەممە لە پەرواێزی کۆبوونەوەی دیپلۆماتە باڵاکانی کۆمەڵەی 20G دا، لە هیندستان، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا چاویان بە یەکدی کەوت.

لە پاش هەڵگیرسانی شەری نێوان رووسیا و ئۆکراینا، یەکەمجارە بەرپرسە باڵاکانی واشنتن و مۆسکۆ بۆ ماوەی 10 خولەک چاویان بەیەکدی دەکەوێت.

سەبارەت بەو دیدارە کورتەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵاتەکە، کاربەدەستێکی پلەبەرزی واشنتن لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەری ئاسۆشیەتێد پرێس ئاشکرای کردووە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەو دەرفەتەی قۆستووەتەوە تاکو سێ خاڵ بەبیر هاوتا رووسیەکەی بهێنێتەوە کە بریتیین لە:

- تا کۆتاییهاتنی شەڕەکە، هەر چەندە پێویست بێت واشنتن درێژە بە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا دەدات.

- پێویستە رووسیا لە بڕیارەکەی بۆ هەڵپەساردنی بەشداریکردن لە پەیماننامەی ئەتۆمی نوێی (START) پاشگەز بێتەوە.

- لەلایەن ئەمەریکاوە پێداگری کراوە کە پێویستە رووسیا هاووڵاتی ئەمەریکی (پۆڵ ویلەنی) ئازاد بکات.

تا ئێستا سەبارەت بە وەڵام و کاردانەوەی رووسیا سەبارەت بەو داوایانەی ئەمەریکا هیچ زانیاریەک بەردەست نیە، بەڵام ئەوەندە ئاشکرایە، کە دواین جار بلینکن و لاڤرۆڤ چاویان بەیەکدی کەوتبوو، دوو رۆژ پێش 24ی مانگی دووی 2022 بوو، کە مۆسکۆ لەو رۆژەدا لەشکرێکشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد.