دیمه‌نی ناو نه‌خۆشخانه‌یه‌كی به‌غدا عێراقییه‌كان تووشی شۆك دەکات

K24 - هەولێر

لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا جارێکی دیکە دۆسیه‌ی نەخۆشخانەكان بووه‌ته‌ موشتومڕی عێراقییەکان، هه‌روه‌ها بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنەکانی نەخۆشخانەی دەروونی ئەلڕەشاد لە بەغدای پایتەخت، زۆرێک لە چالاکوانانی سۆشیال میدیای تووشی شۆک کردووە.

دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان بڵاوبوونەوە، به‌دیار ده‌كه‌وێت كه‌ ئەم دامەزراوە تەندروستییە لە دۆخێکی زۆر ناخۆشدایه‌ کە پێخەڤەکانی دڕاو و کۆن بوون.

جگە لەوەش هۆڵه‌كانی نەخۆشخانەكه‌ پاکوخاوێنییان تێدا نییە، لەکاتێکدا ژمارەیەک نەخۆش لە یەکێک لە هۆڵه‌كان لەسەر زەوی دانیشتوون.

تاوه‌كو ئێستا نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌لڕه‌شاد هیچ لێدوانێكی سه‌باره‌ت به‌و رووداوه‌ نه‌داوه‌، نه‌ پشتراستی كردووه‌ته‌وه‌ نه‌ ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها داوای ده‌ستوه‌ردانی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی.

لە کاتێکدا زۆرێک لە خه‌ڵكی پرسیاریی ئه‌وه‌یان كردووه‌، ئایا ئەم شوێنە گونجاوە بۆ چارەسەری دەروونی، یان قەیرانی نەخۆشەکان زیاتر ده‌كات و تووشی خەمۆکیان دەکات؟!.

به‌شێك له‌ عێراقیه‌كان ده‌ڵێن، هه‌ركه‌سێکی دەروون تەواویش بچێته‌ ناو ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ ئەقڵی تێکدەچێت.

له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی نەخۆشخانەی كازمیه‌ی به‌غدای كرد، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیدیۆكانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ تووشی شۆك بووه‌، له‌وكاته‌دا به‌ڵێنی داوه‌  هەوڵبدات بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی وڵات.

بەڵام لەو کاتەوە زۆر شت نەگۆڕاوە، عێراقییەکان ڤیدیۆی ترسناکیان لە نەخۆشخانە جیاوازەکانی بەغدا و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق بڵاوکردووەتەوە. هه‌روه‌ها کەرتی تەندروستی لە عێراق بەدەست قەیرانی گەندەڵییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.

.
.