ئیی پارتی: كاندیدمان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌بێت
K24 – هه‌ولێر:
دوای کشانەوەیان لە هاوپەیمانی میللەت، ئیی پارتی جه‌خت له به‌رده‌وامبوون له كاری سیاسی به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌نه‌وه و په‌رله‌مانتارێكی ئه‌و پارته‌ش ئاشكرای ده‌كات کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەبێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (5ـی ئادار/مارسی 2023)، ئاهات ئاندیجان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیی پارتی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لەمەودوا ئیی پارتی بە جیا لە پرۆسەی سیاسیی‌دا بەردەوام دەبێت و کاندیدی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار دەبێت.
هه‌روه‌ها ئەو پەرلەمانتارەی ئیی پارتی راشیگەیاند، تا ئێستا کەسێکیان دیاری نەکردووە و له هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە و لەماوەی ئەم هەفتەیەش بڕیاری یه‌كلاییكه‌ره‌وه له‌وباریه‌وه ده‌ده‌ن.
هه‌رچه‌نده دوای کشانەوەی ئیی پارتی لەنێو شەش لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکەی تورکیا، کاردانەوەی زۆری دروستکرد و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا رەخنەیەکی زۆریان بەتۆمەتی شکاندنی به‌ره‌ی بەرگریی بەرامبەر بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئاراستەی مەراڵ ئاکشەنەر ده‌كه‌ن.
له به‌رامبه‌ریشدا، هاوپەیمانی میللەت لە کۆتا کۆبوونەوەی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، سەرەڕای سەرجەم هەڵبەز و دابەزەکان، رژدن لەسەر کارکردنی هاوبەش و رۆژی دووشەممە نەخشەرێگەی قۆناغی راگوزەری و کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو رادەگەیەنن.
جگە لە کشانەوەی لە هاوپەیمانی میللەت، ئاکشەنەر رووبەڕووی رەخنەیەکی دیکە بووەتەوە کە ئەویش ئەنجامدانی کۆبوونەوەیە لەگەڵ پسپۆرێکی مافناس بۆ کاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کە ئەویش "ئەرسان شێن"ـە.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەرسان شێن، مافناس و ئەکادیمیست لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند کە ئەو ئامادەیە ببێت بە کاندیدی سەرۆک کۆمار بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.
بانگەوازەکەی ئەرسان شێن لەلایەن ئیی پارتی وەڵامدرایەوە و هەر لە بەرنامەکەدا شێن رایگەیاند، مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی لەکاتی ناوبڕی پرۆگرامەکەدا پەیوەندیی پێوەکردووە و رایگەیاندووە ئەگەر دەیەوێت کاندید بێت، ئامادەن پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆی لەسەر بکەن و وەک کاندیدی ئیی پارتی پێشنیازی بکەن.
له‌درێژه‌ی كاردانهوهكانیشدا، کورشاد زۆرلو، گوتەبێژی ئیی پارتی رایگەیاند، لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکەی ئەرسان شێن لەبارەی ئیی پارتی، سەرۆکی ئەو پارتە لەرێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە سوپاسی ناوبراوی کردووە و داوای کردووە لەسەر پرسی کاندیدبوون کۆببنەوە.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، رۆژی شه‌ممه (4ـی ئادار/مارسی 2023)، ئه‌یهان ئاڵتینتاش، په‌رله‌مانتاری ئیی پارتی له‌رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامێك له تویته‌ری فه‌رمی خۆیدا، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له ئیی پارتی راگه‌یاند.
له په‌یامه‌كه‌ی ئاڵتینتاش روونكراوه‌ته‌وه، له‌ژێر رۆشنایی دوایین په‌ره‌سه‌ندنه سیاسییه‌كان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له ئیی پارتی بۆ رای گشتی رایگه‌یه‌نێت.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره دوای ئه‌وه هات، رۆژی هه‌ینی (3ـی ئادار/مارسی 2023)، مه‌راڵ ئاكشه‌نه‌ر، سه‌رۆكی ئیی پارتی دوای كۆبوونه‌وه‌ی گشتی پارته‌كه‌ی له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا كشانه‌وه‌ی خۆیان له هاوپه‌یمانی میلله‌ت راگه‌یاند، به‌هۆی سووربوونی هه‌ر پێنج لایه‌نه‌كه‌ی دیكه له‌سه‌ر كاندیدكردنی کلیچدارئۆغڵو بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری.
مه‌راڵ ئاكشه‌نه‌ر رایگه‌یاند، پێشنیازەکانیان ره‌تکراوه‌ته‌وه كه وه‌ك ئیی پارتی داوای کاندیدکردنی مەنسوور یاڤاش، سه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌نقه‌ره و ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو، سه‌رۆكی شاره‌وانی ئیستانبوڵیان كردووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژارنه‌كانی رابردوو توانیویانه به‌سه‌ر كاندیده‌كانی ئه‌ردۆگان و ئاكپارتی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئیی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هاوپەیمانی میللەت خیانەتیان لێکردن به‌ڵام ئه‌وان داهاتووی تورکیا ناخەنه مەترسییەوه و بەرامبەر ئه‌و زۆردارییه سەر دانانەوێنن.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه، هه‌فته‌ی رابردوو له گوتارێكدا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆیدا كرده‌وه، كه پێشر به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوباته‌وه گومان له دواخستنی هه‌بوو.
رۆژی یه‌كشه‌ممه (22ـی كانوونی یه‌كه‌م/یه‌نایری 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، 14ـی ئایار/مایۆی 2023، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی له توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
وابڕیار بوو رۆژی 18ـی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2023، هه‌ڵبژاردنه‌كان له توركیا ئه‌نجامبدرێن، سه‌باره‌ت به گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌مه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته نییه، به‌ڵكو ته‌نها گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه و هۆكاره‌كه‌شی بۆ له‌به‌رچاوگرتنی واده‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان له ناوه‌نده‌كانی خوێندنی وڵاته‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه.