لە داقووق 500 دۆنم زەوی جووتیارانی کورد دەکرێتە سەربازگە

دیمەنێکی ئەو زەویانەی بڕیارە بکرێن بە سەربازگە - فۆتۆ: دیلان بەرزان / کوردستان24
دیمەنێکی ئەو زەویانەی بڕیارە بکرێن بە سەربازگە - فۆتۆ: دیلان بەرزان / کوردستان24

K24 – کەرکووک

وەزارەتی بەرگری عێراق 500 دۆنم زەوی کشتوکاڵی جووتیارانی کورد لە سنووری قەزای داقووق دەکاتە سەربازگە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، نووسراوێک ئاراستەی فەرمانگەی کشتوکاڵی داقووق کراوە، کە 500 دۆنم زەوی جووتیارانی کورد لە گوندی کولی تەپە بدرێت بە وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ ئەوەی بکرێت بە سەربازگە بۆ هێزەکانی عێراق.

دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، سەرجەم ئەو زەوییانەی دیارکراون بۆ ئەوەی بدرێن بە وەزارەتی بەرگری عێراق هی جووتیارانی کوردن و زەوی کشتوکاڵین.

فەهمی حەبیب، ئەنجومەنی گوندی کولی تەپە بە کوردستان24ی گوت: "سێ رۆژ لەمەوبەر لەلایەن فەرمانگەی کشتوکاڵی داقووق ئاگادار کراینەوە، بۆ ئەوەی 500 دۆنم لە زەوییەکانی گوندەکەمان بدرێت بە وەزارەتی بەرگری عێراق".

گوتیشی: "ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کوردمان ئاگادار کردووەتەوە، کە رێگری لەو بڕيارە بکرێت، ئەگەر جێبەجێ بکرێت ناچار دەبین گوندەکەمان جێبهێڵین".

دەشڵێت: "ئێمە پێشتر دژی عەرەبە هاوردەکان بەرگریمان لە خۆ دەکرد، بەڵام لەگەڵ سوپا ناتوانین رووبەڕوو ببینەوە".

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، نووسراوی داگیرکردنی 500 دۆنم زەوی جووتیارانی کورد بۆ سەربازگەی سوپای عێراق، لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکووک ئاراستەی فەرمانگەی کشتوکاڵی داقووق کراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، تەعریب بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناوچە کوردستانییەکان دەستی پێکردووەتەوە، هەرچەند لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدابوو کە لیژنەی ماددەی 140 کارا بکرێتەوە، کە جێبەجێکردنی ماددەی 140 یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی کورد، بەڵام تائێستا ئەو لیژنەیە کارا نەکراوەتەوە.