ئایدن مه‌عروف: داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین پرسی كۆتاكان تێكه‌ڵی ناكۆكییه‌كانیان نه‌كه‌ن

كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی ئایدن مه‌عروف، ئه‌ندامی مه‌كته‌ب سیاسی به‌ره‌ی توركمانی
كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی ئایدن مه‌عروف، ئه‌ندامی مه‌كته‌ب سیاسی به‌ره‌ی توركمانی

K24 - هه‌ولێر:

ئایدن مه‌عروف، ئه‌ندامی مه‌كته‌ب سیاسی به‌ره‌ی توركمانی داوای له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كرد پرسی كۆتاكان تێكه‌ڵی ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانیان نه‌كه‌ن و ده‌ڵێت، "پاراستنی مافی پێكهاته‌كان، ده‌بێته‌ پاڵنه‌رێكی به‌هێز بۆ ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (9ـی ئادار/مارسی 2023)، ئایدن مه‌عروف، ئه‌ندامی مه‌كته‌ب سیاسی به‌ره‌ی توركمانی له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و كۆتاكان كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ئه‌نجامدا.

ئایدن مه‌عروف یه‌كێك له‌ داواكارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی به‌ره‌ی توركمانی ئاشكرا كرد و گوتی، "ئێمه‌ داواكارین كه‌ له‌ داهاتوودا هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ كۆمیسیۆندا بكرێت، ره‌چاوی نوێنه‌رانی پێكهاته‌ی توركمان بكرێت".

گوتیشی، پێویسته‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پێكهاته‌كانه‌وه‌ هه‌بێت، راوێژ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان بكرێت و هه‌ر بابه‌ت و كارێك به‌بێ راوێژ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان بكرێت، له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ قبووڵكراو نییه‌ و به‌ "ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباره‌كانی پێكهاته‌كان" ناو برد.

به‌گوته‌ی ئایدن مه‌عروف، پاراستنی مافی پێكهاته‌كان، ده‌بێته‌ پاڵنه‌رێكی به‌هێز بۆ ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و گوتی، "ئێستا پێكه‌وه‌ ژیانێكی زۆر باش له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ جێگه‌ی دڵخۆشیمانه‌ و پێكهاته‌كان نوێنه‌ری خۆیان هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مان، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان".

ئایدن مه‌عروف له‌ كۆتایی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا داوای له‌ لایه‌نه‌ سیاسیییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد، پرسی كۆتاكان تێكه‌ڵی ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانیان نه‌كه‌ن و به‌ كۆتاكانیشی گوت، "نه‌بنه‌ لایه‌ن له‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیییه‌كاندا".