له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ده‌په ناكۆكی ده‌كه‌وێته نێو هاوپه‌یمانی میللـه‌ته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
عەلی باباجان و ئەحمەد داودئۆغڵو پشتگیری خۆیان بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ هەدەپە راگەیاند به مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی پشتگیری ئه‌و پارته بۆ كاندیدی هاوپه‌یمانی میللـه‌ت بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری توركیا.
هه‌ڵوێستی باباجان و داودئۆغڵو له‌باره‌ی هه‌ده‌په
چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە پارتی ئاییندە و پارتی دەڤا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، هەردوو پارتەکە پشتگیری و پێشوازیی لە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەکەن.
هەڵوێستی دوو پارتەکەی نێو هاوپەیمانی میللـەت لەکاتێکدایە، بڕیارە چاڵاکییەکی فراوان بۆ ناساندنی کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللەت بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکی جەهەپە بەڕێوەبچێت و وابڕیاره راستەوخۆ دوای چالاکییەکە، کڵچدارئۆغڵو سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکات و لەو چوارچێوەیەدا سەردانی هەدەپەش دەکات.
هەڵوێستەکەی باباجان و داودئۆغڵو لەکاتێکدایە، مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندبوو، ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ هەدەپە لەلایەن پارتێکی دیکەوە ئاساییە بەڵام رێگە نادەن داواکارییەکانی ئەو پارتە بهێندرێتە سەر مێزی هاوپەیمانی میللەت.
هه‌ده‌په له چاوه‌ڕوانی سه‌ردانی کڵچدارئۆغڵویه
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، سەڵاحەددین دەمیرتاش رایگەیاند، تا ئێستا کڵچدارئۆغڵو نەبووەتە کاندیدی هاوبەشی سەرجەم لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا.
سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپە بۆ دەزگایەکی میدیایی تورکیا رایگەیاندووه، ئێستا کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللەتە و ئەگەر لەرێگەی دیدارەکانییەوە پەیوەندیی بە سەرجەم لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا بکات، ئەوکات دەبێت بە کاندیدی هاوبەشی تورکیا.
هه‌روه‌ها دەمیرتاش ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، چاوەڕێ دەکرێت کڵچدارئۆغڵو دانوستانێکی کراوە لەگەڵ هەدەپە ئەنجام بدات له‌به‌رئه‌وه‌ی، جەماوەری هەدەپە نایانەوێت بەرد لە ئامێز بگرن و دەنگی پێبدەن، بەڵکو دەیانەوێت بە ویستی خۆیان و بە خۆشحاڵییەوە دەنگی پێبدەن.
له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی توركیاوه، دەمیرتاش گوتی، "ئەگەر کڵچدارئۆغڵو بتوانێت کەناڵەکانی دیالۆگ بەکراوەیی بەجێبهێڵێت، سەرجەم کێشەکانی تورکیا چارەسەر دەکرێن".
ئاستی جه‌ماوه‌ریی کڵچدارئۆغڵو له به‌رزبوونه‌وه‌دایه
کۆمپانیاکانی راپرسی ئاماژە بەوە دەدەن، دەنگەکانی کەمال کڵچدارئۆغڵو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و لەوانەیە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا کڵچدارئۆغڵو بەسەر ئەردۆغان سەرکەوێت.
محەممەد پۆستەکی، سەرۆکی کۆمپانیای راپرس ئۆ ئار سی رایگەیاند، بەگوێرەی کۆتا راپرسی، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا سەردەکەوێت و لە راپرسییەکاندا لە 56.8%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا رەجەب تەیب ئەردۆغان توانیویەتی لە 43.2%ـی دەنگەکان بەدەستبێنێت.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای راپرسی ئالف رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی وەک کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت، دەنگەکانی کڵچدارئۆغڵو بەرزبووەتەوە و بەگوێرەی کۆتا راپرسی، کڵچدارئۆغڵو لە 55.1ـ%ـی دەنگەکان بەدەست دێنێت لەبەرامبەردا ئەردۆغان لە 44.9%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
بەرزبوونەوەی دەنگەکانی کڵچدارئۆغڵوش پەیوەستە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێو هاوپەیمانی میللـەت کە لە هەفتەی رابردوودا بوو بە رۆژەڤی سەرەکی تورکیا.
هاوپه‌یمانی میللـه‌ت گه‌یشتنه رێككه‌وتن
رۆژی (6ـی ئادار/مارسی 2023)، كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی شه‌ش لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌ی توركیا به رێككه‌وتن كۆتایی هات و كاندیدكردنی كه‌مال كڵچدارئۆغلۆ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری توركیا وه‌ك كاندیدی هاوپه‌یمانییه‌ته‌كه بۆ ركابه‌ریكردنی ئه‌ردۆغان راگه‌یاند.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌ر شه‌ش لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌ی توركیا له‌باره‌گای پارتی سه‌عاده‌تی توركیا له ئه‌نقه‌ره، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریدا ئاشكرایانكرد، كه‌مال كڵچدارئۆغلۆ ده‌بێته كاندیدی هه‌ر شه‌ش لایه‌نه‌كه بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری توركیا.
له گوتارێكیشدا، كه‌مال كلیچدارئۆغلۆ، سه‌رۆكی پارتی جه‌هه‌په رایگه‌یاند، پێكه‌وه توركیا ده‌هێننه‌وه سه‌ر رێچكه‌ی خۆی.
هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت
ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه، هه‌فته‌ی رابردوو له گوتارێكدا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆیدا كرده‌وه، كه پێشر به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوباته‌وه گومان له دواخستنی هه‌بوو.
رۆژی یه‌كشه‌ممه (22ـی كانوونی یه‌كه‌م/یه‌نایری 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، 14ـی ئایار/مایۆی 2023، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی له توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
وابڕیار بوو رۆژی 18ـی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2023، هه‌ڵبژاردنه‌كان له توركیا ئه‌نجامبدرێن، سه‌باره‌ت به گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌مه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته نییه، به‌ڵكو ته‌نها گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه و هۆكاره‌كه‌شی بۆ له‌به‌رچاوگرتنی واده‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان له ناوه‌نده‌كانی خوێندنی وڵاته‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه.