مه‌سنجەر دێتەوە ناو ئەپی فەیسبووک

K24 - هەولێر: 

لەمەودوا پێویست ناکات بچیتە ئەپێکی دیکە بۆ وەڵامدانەوەی نامەکانی مەسنجەر، هەر لەناو ئەپی فەیسبووکەوە دەتوانیت نامەکان ببینیت و وەڵام بدەیتەوە تەنانەت پەیوەندیش ببەستیت.

لەماوەی دەیەی رابردوو فەیسبووک بەردەوام هەوڵیداوە خزمەتگوزارییەکانی بە ئەپی جیاواز پێشکەشی بەکارهێنەرانی بکات، تا بتوانێت سەرچاوەی داهات لە چەندین شوێنی جیاواز پەرەپێبدات، بەڵام ئەو کارەی بووەتە هۆکاری کەمتر بەکارهێنانی ئەپەکانی و رێگەی بە رکابەرانی داوە بە ئاسانی لەو رێگایەوە ببنە هەڕەشە لەسەر فەیسبووک، وەکو تیکتۆک کە دەتواندرێت سەیری ڤیدیۆ بکرێت، نامە بنێردرێت هەمووی لەرێگەی یەک ئەپەوە.

کۆمپانیای مێتا لە راگەیاندراوێکی نوێیدا، بە کورتی ئاماژەبەوە دەکات دەیەوێت خزمەتگوزاری مەسنجەر بهێنێتەوە ناو ئەپی فەیسبووک، دەیەوێت ئەو کارە هەر لەمساڵدا ئەنجامدات، بەڵام کەی دەیکات وە چۆن دەیکات هێشتا وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکردووە.