لاتیڤیا ئۆتۆمبێلی شۆفێرە مەستەکان رەوانەی ئۆکرانیا دەکات

شۆفێریکردن لەژێر کاریگەری مەیدا
شۆفێریکردن لەژێر کاریگەری مەیدا

K24 - هەولێر:

لاتیڤیا ئۆتۆمبێلی ئەو کەسانەی لەژێر کاریگەری ماددە کحولییەکان شۆفێری دەکەن و دەستگیردەکرێن دەستیان بەسەردا دەگرێت و وەک هاوکاری رەوانەی ئۆکرانیایان دەکات.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حکومەتی لاتیڤیا بڕیارێکی پەسەندکردووە بەوەی ئۆتۆمبێلی کەسانی مەست کاتێك دەستیان بەسەردا دەگیرێت، وەک هاوکاری بۆ تیمە پزیشکییەکان و سوپای ئۆکرانیا دەنێرێت.

سەبارەت بە شێوازی بڕیارەکە، حکومەتی لاتیڤیا باسی لەوەکردووە، هەر شۆفێرێک دەستگیربکرێت و تیکڕای رێژەی کحول لە جەستەیدا %0.15 زیاتر بێت دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەی دەگرن و جارێکی دیکە بۆی ناگێڕنەوە.

بەپێ راپۆرتەکەی ئاژانسی رۆیتەرز، لەماوەی یەک مانگدا پۆلیسی لاتیڤیا دەستی بەسەر 200 ئۆتۆمبێلدا گرتووە کە شۆفێرەکانیان لەژێر کاریگەری خواردنەوە کحولییەکاندا شۆفێریان کردووە.