كاندیدێكی نوێ بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا ئاشكراكرا و هوداپاریش پشتیوانی بۆ ئه‌ردۆغان راگه‌یاند

K24 – هه‌ولێر:

دوای یه‌كلاییبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی توركیا، ململانێی نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی توركیا گه‌رمتربووه‌، ئه‌ویش دوای ئاشكراكردنی كاندیدێكی نوێی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و پشتگیریكردنی پارتێكی دیكه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان.

کاندیدێکی دیکە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار راگەیەندرا

هاوپەیمانی ئاتا کە بە سەرپەرشتی پارتی زه‌فه‌ریـی نەتەوەپەرست دامەزراوە، کاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار ئاشکرا کرد و رایانگەیاند، سینان ئۆغان، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە 14ـی ئایاردا کاندیدی ئه‌وان دەبێت.

هه‌روه‌ها هاوپەیمانی ئاتا کە لە حەوت پارتی سیاسی جیاواز پێکهاتووە، پرۆتۆکۆڵی هاوپەیمانییەته‌کەیان واژووکرد و دواتر ئومید ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زه‌فه‌ر رایگەیاند، خەڵكی تورکیا ملکەچی هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی میللەت نین و بەگوێرەی قسەکانی ئۆزداغ، هەردوو هاوپەیمانیه‌تییەکە هەوڵی دروستكردنی دوو جەمسەریی لە تورکیا دەدەن.

ئه‌ردۆغان هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر هاوپه‌یمانی میللـه‌ت

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، هاوپەیمانی میللەت لەسەر ئاژاوە و پلانگێری دامەزراوە و هیچ پرسێکی تایبەت بە تورکیا لە پرۆژەياندا نییە.

ئەردۆغان گوتی، "زیانە گەورەکانی کارەساتی بوومەلەرزە و پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکان پێگەیەکی جیاوازی بە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار بەخشیوە، ئەم جیاوازییەش بەڕوونی دەبینین کاتێک سەیری پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکەین".

هه‌روه‌ها سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌باره‌ی هاوپه‌یمانی میللـه‌ته‌وه‌ گوتی، "ئەو هاوپەیمانیه‌تییە لەسەر بنەمای پیلانگێڕی و ئاژاوە دامەزراوە، لە دەستپێکدا بە شەش لایەن دەستیان پێکرد و ئێستا نازاندرێت هه‌شت لایەنن یان 10 لایەنن، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە و لەوێ بەڕوونی دیارە کە دەیانەوێت وڵاتەکەمان بەرەو کوێ ئاراستە بکەن، هیچ پرسێکی تایبەت بە گەلەکەمان لە پرۆژەیاندا نییە، هەروەها هیچ هەوڵێکیشیان نییە بۆ بەلاوەنانی کاریگەرییە ناوچەیی و جیهانییەکانی سەر ئابووری وڵات، تەنیا هەوڵدەدەن دەستکەوتەکانی 20 ساڵی رابردوو لەناو ببەن".

دوڵەت باخچەلی دژی به‌شداریكردنی هه‌ده‌په‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن

ده‌وڵەت باخچەلی، سەرۆکی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دوای لادانی بڕیاری بلۆککردنی هەژمارەکانی هەدەپە هێرشی توندی کردە سەر دادگای باڵای دەستووری تورکیا و بەبێ رەوشت ناوی دادگاکە دەبات و دەڵێت، پێویستە ئەندامەکانی ئێستای دادگای باڵای دەستووری تورکیا دووربخرێنەوە، چونکە رێخۆشکەردەبن بۆ ئەوەی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکان بەشداری بکات.

دەوڵەت باخچەلی گوتی، "بڕیارەکەی دادگای باڵای دەستووری لەبارەی هەدەپە بێئاگاییە، هەرچەندە ناوەکەی دادگای باڵای دەستوورییە، بەڵام لەڕووی رەوشت و بنەماکانەوە رەوشتی نزمە."

سه‌رۆكی مه‌هه‌په‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دادگا لەڕێگەی بڕیارەکانییەوە رێخۆشکەر بووە بۆ بەشداربوونی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکان و لایەنگیری کردووە.

باخچه‌لی له‌باره‌ی پلانی داهاتوویانه‌وه‌ ئاشكرایكرد، دوای هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، یەکێک لە ئامانجە هەرە گرنگەکانی هاوپەیمانی کۆمار نووسینەوەی دەستوورێکی نوێیە، لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە گۆڕانکاری ریشەیی لە پێگە و دامەزراوەیی  ئەم دادگایە بکرێت و پێکهاتەی ئێستای دادگای باڵای دەستووری تورکیا دووربخرێنەوە.

هوداپار پشتیوانی له‌ ئه‌ردۆغان ده‌كات

زه‌كه‌ریان یاپیجیئۆغلۆ، سەرۆکی هوداپار رایگەیاند، ئەوان پشتگیری لە کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار ده‌كه‌ن و پشتیوانی له‌ مانه‌وه‌ی رەجەب تەیب ئەردۆغان ده‌كه‌ن له‌ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا.

هه‌رچه‌نده‌ تائێستا به‌شداری هوداپار لە هاوپەیمانی کۆماردا نادیارە به‌ڵام به‌رپرسانی هوداپار جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئەوان لە سیاسەتی خۆیاندا سوورن بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد له‌ توركیا.

دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری توركیا، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، سه‌رۆكی هوداپار گوتی، "بڕیاریاندا پشتگیری لە کاندیدی هاوپەیمانی کۆماری بكه‌ن لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری 2023". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، کۆبوونەوەیان لەگەڵ هەندێک لایەن له‌ هاوپه‌یمانی میللـه‌ت هەبووە، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشنیازێک بۆ بەشداریکردنیان لەو هاوپه‌یمانییه‌ته‌ شه‌ش قۆڵییه‌دا پێنه‌گه‌یشتووه‌".

ئه‌ردۆغان مه‌رسومی كۆماری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن واژووكرد

رۆژی هه‌ینی (10ـی ئادار/مارسی 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ كۆشكی كۆماری له‌ ئه‌نقه‌ره‌، واژووی له‌سه‌ر مه‌رسومی كۆماری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی (14ـی ئایار/مایۆی 2023) كرد.

له‌ رێوره‌سمێكدا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و به‌رپرسی ئه‌و وڵاته‌ ئاماده‌ی بوون، ئه‌ردۆغان له‌ گوته‌یه‌كدا هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن خواست و داوای له‌ هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی كرد ئه‌و رۆژه‌ بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ بده‌ن.

پێشتریش له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (22ـی كانوونی یه‌كه‌م/یه‌نایری 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، 14ـی ئایار/مایۆی 2023، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی له‌ توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

وابڕیار بوو رۆژی 18ـی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2023، هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ توركیا ئه‌نجامبدرێن، سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد‌، ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ نییه‌، به‌ڵكو ته‌نها گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ له‌به‌رچاوگرتنی واده‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندنی وڵاته‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌.