چین: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هی خەڵکی ناوچەکەیە و دەبێ خۆیان بڕیار لەباره‌یه‌وه‌ بدەن

ئاڵای ئێران و سعوودیه‌
ئاڵای ئێران و سعوودیه‌

K24 – هه‌ولێر:

چین بۆ یەکەمجار لەبارەی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودییە و ئێرانەوە قسە دەکات و رایدەگەیه‌نێت، رێککەوتنەکە چەند ئاماژەیەکی روونی تێدایە، گرنگترینیان، دەبی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن.

وانگ یی بەڕێوبەری ئۆفیسی کۆمسیۆنی کاروباری دەرەوەی پارتی کۆمیونیستی چین رایگه‌یاند، قەیرانی ئۆکرانیا تاکە قەیرانی جیهان نییە، بەڵکو زۆر قەیرانی دیکە هەن پەیوەستن بە گوزەران و ژیانی خەڵکەوە و پێویستە وڵاتان هەوڵی چارەسەرکردنییان بدەن. 

وانگ یی بەڕێوبەری ئۆفیسی کۆمسیۆنی کاروباری دەرەوەی پارتی کۆمیونیستی چین هه‌روه‌ها گوتی: سعوودییە و ئێران گەیشتنە رێککەوتنێکی گرنگ بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان، ئەمە سەرکەوتنە بۆ دیالۆگ و ئاشتی".

ده‌شڵێت: "ئەم رێککەوتنە ئاماژەیەکی روونە بۆ هەموو جیهان، ئەویش ئەوەیە قەیرانی ئۆکرانیا تاکە قەیران نییە، بەڵکو زۆر قەیرانی دیکە هەن پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵکییەوە، دەبێ لایەنەکان لەبەرچاوی بگرن و دەتوانن چارەسەریان بکەن".

گوتیشی: "بە دیالۆگ و نیازپاکی دەتوانین چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە، پەیامێکی دیکەش ئەوەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هی خەڵکی ناوچەکەیە و دەبێ خۆیان بڕیار لە ناوچەکەیان بدەن".

دوێنێ تاران و ریاز لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان رێکەوتن و هەردوو حکومەتی ئێران و سعوودیە لەماوەی دوو مانگدا باڵیۆزخانەکانیان دەکەنەوە.

رێککەوتنی تاران و ریاز بە نێوەندگیری چین لە پەکین کراوە و هەر سێ لا راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، تێیدا سوپاسی هەوڵەکانی عێراق و عوممانیان کرد.

لە راگەیه‌ندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە بۆ ئامادەکارییەکان  کۆدەبنەوە.

ئەمینداری ئاسایشی نیشتیمانی ئێرانیش لەلای خۆیەوە رایگەیاند، پەیوەندییەکانی تاران و ریاز سەقامگیری ناوچەکە بەهێزتر دەکات.

لە ساڵی 2016 خۆپیشاندەرانی ئێران بەرامبەر لە سێدارەدانی ئەبونەمر، کەسایەتی شیعە مەزهەب لە سعوودیە هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران، ئەمەش نیگەرانی سعوودیەی لێکەوتەوە و پەیوەندییە سیاسی و دپلۆماسییەکانیان پچڕا.