شاخه‌وانانی كوردستان ژماره‌یه‌كی پێوانه‌ییان له كتێبی گینس تۆماركرد
K24 – هه‌ولێر:
فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان به ھەماھەنگی لەگەڵ كۆمپانیای ڤیزت كوردستان توانی یه‌كه‌م ژماره‌ی پێوانه‌یی له كتێبی گینیس تۆماربكات به ئه‌نجامدانی گه‌وره‌ترین چالاكی شاخه‌وانی به به‌شداری زۆرترین شاخه‌وان له یه‌ك كاتدا به یه‌ك رێڕه‌و.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه (11ـی ئادار/مارسی 2023)، به به‌شداری زیاتر له 800 شاخه‌وان له سەرجەم شاخەوانانی گرووپەكان، ئارەزوومەندانی وەرزشەكانی كوێستان و قوتابیانی كۆلیژ و پەیمانگه وەرزشییەكانی سەرتاسەری هه‌رێمی كوردستان، گه‌وره‌ترین چالاكی شاخه‌وانی له چیای سه‌فین ئه‌نجامدرا.
له كۆتایی چالاكییه‌كه‌شدا، له‌لایه‌ن رێكخه‌رانی كتێبی گینس بۆ ژماره پێوانه‌ییه‌كان، بڕوانامه‌ی دانپێدانان بۆ تۆماركردنی ژماره‌ی پێوانه‌یی بۆ ئه‌و چالاكییه شاخه‌وانییه وه‌ك زۆرترین شاخه‌وان له یه‌ك كاتدا به یه‌ك رێڕه‌و به ئارین مه‌سرور بارزانی به‌خشرا، كه سه‌رپه‌رشتی چالاكییه‌كه‌ی كرد.
رێكخه‌رانی چالاكییه‌كه به كوردستان24ـیان راگه‌یاند، رێكخه‌رانی كتێبی گینس به‌شێوه‌ی ئۆنلاین له‌ساتی ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كه له‌سه‌ر هێل بوون و چه‌ندین وێنه‌گریشیان ئاماده‌بوون بۆ تۆماركردنی چالاكییه‌كه و له‌كۆتایی رێوره‌سمه‌كه‌شدا، نوێنه‌ری دامه‌زراوه‌ی سه‌رپه‌رشتیار بۆ تۆماركردنی ژماره پێوانه‌ییه‌كان له كتێبی گینس به‌شێوه‌ی ئۆنلاین گوته‌یه‌كی پێشه‌كه‌ش به شاخه‌وانه‌كان كرد و تۆماركردنی ئه‌و ژماره پێوانه‌ییه‌ی له كتێبی گینس دووپاتكرده‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، 816 شاخه‌وان له چالاكییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ به‌شداربوون كه زیاتر له دوو كلیۆمه‌تر رێگه‌یان بڕی له چیای سه‌فین بۆ ئه‌نجامدانی چالاكی شاخه‌وانی به به‌شداری زۆرترین شاخه‌وان له یه‌ك كاتدا به یه‌ك رێڕه‌و، كه 110 خۆبه‌خش به‌سدارییان كردبوو له ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌و چالاكییه.