فێڵێکی نوێی گۆڕینەوەی دۆلار ئاشکرا دەبێت

K24 - بەغدا

فێڵێکی نوێ لە عێراق لەسەر پرسی دۆلار سەری هەڵداوەتەوە، ئەویش گەشتکردنی هاووڵاتیان بەخۆرایی بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ ماوەی هەفتەیەک لە بەرامبەر وەرگرتنی دۆلار بەنرخی حکومی بۆ کومپانیاکانی گەشتوگوزار.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدا بەناوی ئوسامە ئەکرەم، باسی فێڵێکی نوێ دەکات، کە لەلایەن کۆمپانیاکانی گەشتوگوزارەوە دەکرێت، ئەويش وەرگرتنی دۆلارە بە نرخێکی حکومی لە بەرامبەر گەشت کردنێکی بەخۆرایی.

ئوسامە بە کوردستان24ی گوت: "نوێنەری کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار لە مۆڵەکاندا وەستاوەن، داوات لێدەکەن کە پاسپۆرتەکەتیان پێبدەیت، بۆ ئەوەی ئەوان دۆلاری لەسەر وەربگرن، لە بەرامبەردا گەشتێکی بە خۆڕایت پێدەکەن بۆ دەرەوەی وڵات، كە  مانەوە لە ئۆتێل و خواردنیشت بۆ دابین دەكەن، هەروەها 200 یان 300 دۆلاریشت پێدەدەن، بۆ ئەوەی لەوێ خەرجی بكەیت، ھەر بۆیە ئەم فێڵە لەو بڕیارەی حکومەت دەكرێت، كە بۆ جێگیركردنی بەهای دۆلار دابووی".

لە رابردوو فشارەکانی بردنە دەرەوەی دۆلاری ئەمەریکی لە عێراقەوە زۆر بوون، بانکی ناوەندی عێراقی ناچار کرد چەندین رێکار و بڕیاری جۆراوجۆر دەربکات، بەڵام ئێستا فێڵێک دۆزراوەتەوە کە نەک دۆلار، بەڵکو  خەڵکەکەش بە دۆلارەوە رەوانەی دەرەوە بکەن.

لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، ئاگایان لەو فێڵە نوێیە هەیە و دەیانەوەێت لە هەفتەی داهاتوودا لە یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکەیان رێگە چارەیەک بۆ ئەم بابەتە بدۆزنەوە.

ڤیان دەخیل، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکەین و داوا دەکەین وەزیری گواستنەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی عێراق بێن، بۆ ئەوەی بزانین ئەو کێشەیە چۆن چارەسەر بکەین".

بانکی ناوەندی عێراق لە رێگەی چەند بانک و فڕۆکەخانە و بریکاری باوەڕ پێکراوەکانیەوە، رۆژانە بە چەند رێکارێک دۆلار بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران،  بە نرخی 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک دابین دەکات، بەڵام هێشتا نەتوانراوە بازاڕی دراو، بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکرێت.