تا ئێستا پێنج هاوپه‌یمانیه‌تی و سێ كاندید بۆ سه‌رۆكایه‌تی توركیا ئاشكرا كراون
K24 – هه‌ولێر:
دوای یەکلاییبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان، پارت و لایەنە سیاسییەکان لە ژێر هاوپەیمانیه‌تییە سیاسییەکاندا کۆدەبنەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی توركیا، 36 پارت بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاردا دەکەن، كه تا ئێستاش پێنج هاوپەیمانی پێکهێندراوە و سێ کەسیش بەشێوەیەکی فەرمی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کاندید کراون.
هاوپەیمانیه‌تییەکان بریتین لە هاوپەیمانی کۆمار، هاوپەیمانی میللـەت، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، یەکێتیی هێزی سۆشیالیست و هاوپەیمانی ئاتا.
مه‌رجی به‌شداریكردنی پارته‌كان له هه‌ڵبژاردنی توركیا
هەرچەندە بەشێک لە هاوپەیمانیه‌تییەکان فراوانترن بەڵام تەنیا ئەو پارتانەی له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنی ھه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیاوه ره‌زامه‌ندییان پێدراوه دەتوانن بەشداری لە هاوپەیمانیه‌تییەکان بکەن، كه بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن هەر پارتێک بیەوێت بەشداربێت له هه‌ڵبژاردنه‌كان پێویستە لە 41 پارێزگای تورکیا رێکخستنی هەبێت.
هاوپه‌یمانی كۆمار
هاوپەیمانی کۆمار پێكهاتووه له پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی)، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مه‌هه‌په) و پارتی یەکگرتوویی گەورە (بەبەپە)، هه‌روه‌ها ئەو پارتانەی چاوەڕوان دەکرێت بەشداری لە هاوپەیمانی کۆمار‌دا بکەن یان پشتیوانی له كاندیدی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه بكه‌ن بریتین لە هوداپار، پارتی یەنیدەن رەفا و پارتی ئاناڤاتان.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری ئێستای توركیا و سه‌رۆكی ئاكپارتی، كاندیدی هاوپه‌یمانی كۆماره بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 14ـی ئایاردا.
هاوپه‌یمانی میللـه‌ت
هەروەها هاوپەیمانی میللـەت لە پارتی گەلی کۆماری (جه‌هه‌په)، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئاییندە، پارتی دەڤا و پارتی دیموکرات پێکهاتووە.
كه‌مال كڵچدارئۆغلۆ، سه‌رۆكی جه‌هه‌په، كاندیدی هاوپه‌یمانی میللـه‌ته كه به هاوپه‌یمانی شه‌ش لایه‌نه‌كه ناسراوه و به ركابه‌ری سه‌ره‌كی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان داده‌نرێت.
هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كانی دیكه
هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە پارتی دیموکراتی گەلان (هه‌ده‌په)، پارتی کرێکارانی تورکیا و پارتی رەنج پێکهاتووە به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا كاندیدی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری توركیا رانه‌گه‌یاندووه و هه‌ندێك ئاماژه‌ش هه‌یه كه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی میللـه‌ته‌وه داوایان لێبكرێت پشتیوانی له كاندیدكردنی كمال كڵچدارئۆغلۆ بكه‌ن.
هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانی یەکێتی هێزی سۆشیالیستەكان كه لە پارتی کۆمۆنیستی تورکیا، بزوتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا و پارتی چەپی توركیا پێکهاتوون، به‌هه‌مان شێوه تائێستا له‌باره‌ی كاندیدی سه‌رۆك كۆماری توركیاوه هه‌ڵوێستی خۆیان یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه.
کۆتا هاوپەیمانیش هاوپەیمانی ئاتایە و لە پارتی زەفەر و پارتی عەدالەت پێکهاتووە، سینان ئۆغان كاندیدیانه بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری توركیا.
دوا واده‌ی تۆماركردنی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كان و كاندیده‌كان
بەگوێرەی یاساکانی کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا لە نێوان 11 بۆ 17ـی ئەم مانگە پرۆتۆکۆڵی هاوپەیمانیه‌تییەکان رادەستی کۆمیسیۆن بکرێن و تا 2ـی نیسانیش پێویسته ناوی کاندیدانی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کۆمیسیۆن ره‌وانه بكرێت. لە 9ـی نیسانیش شوێنی پارت و هاوپەیمانیه‌تییەکان لەسەر فۆرمی دەنگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی توركیا دیاری دەکرێن.
ئاستی جه‌ماوه‌ریی کڵچدارئۆغڵو له به‌رزبوونه‌وه‌دایه
کۆمپانیاکانی راپرسی ئاماژە بەوە دەدەن، دەنگەکانی کەمال کڵچدارئۆغڵو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و لەوانەیە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا کڵچدارئۆغڵو بەسەر ئەردۆغان سەرکەوێت.
محەممەد پۆستەکی، سەرۆکی کۆمپانیای راپرس ئۆ ئار سی رایگەیاند، بەگوێرەی کۆتا راپرسی، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا سەردەکەوێت و لە راپرسییەکاندا لە 56.8%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا رەجەب تەیب ئەردۆغان توانیویەتی لە 43.2%ـی دەنگەکان بەدەستبێنێت.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای راپرسی ئالف رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی وەک کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت، دەنگەکانی کڵچدارئۆغڵو بەرزبووەتەوە و بەگوێرەی کۆتا راپرسی، کڵچدارئۆغڵو لە 55.1ـ%ـی دەنگەکان بەدەست دێنێت لەبەرامبەردا ئەردۆغان لە 44.9%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
بەرزبوونەوەی دەنگەکانی کڵچدارئۆغڵوش پەیوەستە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێو هاوپەیمانی میللـەت کە لە هەفتەی رابردوودا بوو بە رۆژەڤی سەرەکی تورکیا.
هه‌ده‌په له چاوه‌ڕوانی سه‌ردانی کڵچدارئۆغڵویه
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌فته‌ی رابردوو سەڵاحەددین دەمیرتاش رایگەیاند، تا ئێستا کڵچدارئۆغڵو نەبووەتە کاندیدی هاوبەشی سەرجەم لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا.
سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپە بۆ دەزگایەکی میدیایی تورکیا رایگەیاند، ئێستا کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللەتە و ئەگەر لەڕێگەی دیدارەکانییەوە پەیوەندیی بە سەرجەم لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا بکات، ئەوکات دەبێت بە کاندیدی هاوبەشی تورکیا.
هه‌روه‌ها دەمیرتاش ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، چاوەڕێ دەکرێت کڵچدارئۆغڵو دانوستانێکی کراوە لەگەڵ هەدەپە ئەنجام بدات له‌به‌رئه‌وه‌ی، جەماوەری هەدەپە نایانەوێت بەرد لە ئامێز بگرن و دەنگی پێبدەن، بەڵکو دەیانەوێت بە ویستی خۆیان و بە خۆشحاڵییەوە دەنگی پێبدەن.
له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی توركیاوه، دەمیرتاش گوتی، "ئەگەر کڵچدارئۆغڵو بتوانێت کەناڵەکانی دیالۆگ بەکراوەیی بەجێبهێڵێت، سەرجەم کێشەکانی تورکیا چارەسەر دەکرێن".
كڵچدارئۆغڵو سه‌ردانی ناوچه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی كرد
رۆژی شه‌ممه (11ـی ئادار/مارسی 2023)، له یه‌كه‌م سه‌ردانیدا دوای كاندیدكردنی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی میللـه‌ت بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری توركیا، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سه‌ردانی شاری مەڕەشی باکووری کوردستانی كورد و رایگەیاند، تا ئێستا وەزارەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاوەدانکردنەوە، پلانەکانی خۆیان بۆ خەڵکی زیانپێگەیشتووی بوومەلەرزەکان ئاشکرانەکردووە.
كاندیدی هاوپه‌یمانی میللـه‌ت گوتی، "ئەوانەی دەوڵەت بەڕێوەدەبەن پێویستە پلانە کورتخایەن و دوورمەوداکانیان بۆ ئێستا و داهاتوو ئاشکرا بکەن، دەوڵەت لەرێگەی کەسانی شیاوەوە بەڕێوەدەبردرێت، پرسیارم لە قوربانییان کرد ئاخۆ هیچ کەسێک لە وەزارەتەکانی دارایی و ئاوەدانکردنەوە و پلاندانان هاتوون؟، هیچ پرۆژەیەکی خۆیان پێشکەش کردوون؟، وەڵامەکان نەخێر بوون."
ئه‌ردۆغان مه‌رسومی كۆماری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن واژووكرد
رۆژی هه‌ینی (10ـی ئادار/مارسی 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له كۆشكی كۆماری له ئه‌نقه‌ره، واژووی له‌سه‌ر مه‌رسومی كۆماری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له رۆژی (14ـی ئایار/مایۆی 2023) كرد.
له رێوره‌سمێكدا كه ژماره‌یه‌ك له وه‌زیر و به‌رپرسی ئه‌و وڵاته ئاماده‌ی بوون، ئه‌ردۆغان له گوته‌یه‌كدا هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن خواست و داوای له هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی كرد ئه‌و رۆژه بچنه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ بده‌ن.
پێشتریش له رۆژی یه‌كشه‌ممه (22ـی كانوونی یه‌كه‌م/یه‌نایری 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، 14ـی ئایار/مایۆی 2023، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی له توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
وابڕیار بوو رۆژی 18ـی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2023، هه‌ڵبژاردنه‌كان له توركیا ئه‌نجامبدرێن، سه‌باره‌ت به گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌مه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته نییه، به‌ڵكو ته‌نها گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه و هۆكاره‌كه‌شی بۆ له‌به‌رچاوگرتنی واده‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان له ناوه‌نده‌كانی خوێندنی وڵاته‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه.