ژنێڤ.. کۆنفرانسێکی تایبەت بە گەياندنی هاوكاری مرۆیی لە شەڕە چەکدارییەکان بەرێوەچوو

لایه‌نێكی كۆنفرانسه‌كه‌
لایه‌نێكی كۆنفرانسه‌كه‌

K24 - هه‌ولێر:

بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، کۆنفرانسێکی تایبەت بە پاراستنی گەياندنی هاوكاری مرۆیی لە شەڕە چەکدارییەکان بەرێوەچوو، كه‌ تایبەت بوو بە بەهێزکردنی گفتوگۆ لە نێوان هێزە چەکدارە دەسەڵاتدارەکان لە ناوچەی ململانێ.

ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 12ـی ئادار / مارسی 2023)، وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،  راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: بە ئامادەبوونی لیوا روکن بەختیار محەممەد سدیق ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لە رۆژانی 6 تا 8 ی ئادار /مارسی 2023، کۆنفرانسێک بەناونیشانی (پاراستنی ژێرخانی مەدەنی و پاراستنی گەياندنی هاوكاری مرۆیی لە شەڕە چەکدارییەکان)دا لە ژنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوەچوو.

کۆنفرانسەکە ژمارەیەک لە به‌رپرسانی سەربازی و سیاسی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ئامادەیبوون و لەلایەن رێکخراوی  جنێڤاکۆڵ رێکخرابوو.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، كۆنفرانسه‌كه‌ دوو ئامانجی هه‌بوو، ئه‌ویش بەهێزکردنی گفتوگۆ لە نێوان هێزە چەکدارە دەسەڵاتدارەکان لە ناوچەی ململانێ لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەئامانجی  گەیاندنی هاوکاری تەندروستی و پەروەردە و گرنگیدان بە دامەزراوە ئاوییەکان.

هه‌روه‌ها ئامانجێکی دیكه‌ی کۆنفرانسەکە، دەرکردنی راسپاردە و بەیاننامەی تایبەت بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ مەدەنییەکان و پتەوکردنی پاراستنی ژێرخانی مەدەنی.