مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی قوتابییانی ئەکادیمیای دیپلوماتی ڤییەنا کۆبووەوە
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی قوتابییانی ئەکادیمیای دیپلوماتی ڤییەنا کرد و، شاندەکەش خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشاندا.
جێی ئاماژەیە، ئەمە شەشەمین شاندی قوتابییانی ئەکادیمیای ڤییەنایە کە لە ساڵانی رابردوودا، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندەکە ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستانیان کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری ئامادەبوواندا، باسی لە دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد و تیشکیان خستە سەر چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بوارەکانی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دەستپێکردنی پرۆسەی پارەدانی دیجیتاڵی .
مەسرور بارزانی لەو دیدارەدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرد.