سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان داوایه‌ك ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات

باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان
باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان

k24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ په‌رله‌مانى كوردستان رۆژى چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتى 15/3/2023 كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئاسایى بۆ پێكهێنانى لێژنه‌ى تایبه‌ت به‌ كاراكردنه‌وه‌ى كۆمیسیۆن ئه‌نجام ده‌دات

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (13ـی ئادار/مارسی 2023)، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكانی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان پابه‌نده‌ به‌جێبه‌جێكردنى یاسای به‌رده‌وامى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌ (12)ى ساڵى 2022 و زه‌مینه‌سازیى سیاسى و یاسایى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان له‌كاتى دیاریكراودا.

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، "وێڕاى پشتیوانیى ته‌واو له‌ ره‌وتى گفتوگۆكانى فراكسیۆن و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، پێشوازى له‌ به‌ره‌وپێشچوونى رێوشوێنه‌ و ته‌كنیكییه‌كانى ئاماده‌كردنى پڕۆژه‌ى هاوبه‌ش بۆ هه‌موارى یاسای هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن راده‌گه‌یێنین كه‌ له‌ ئاستى زه‌مینه‌سازیى یاسایى، سه‌رجه‌م ئه‌و پێشنیازه‌یاسایانه‌ى كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌ش كرابوون ئاراسته‌ى لێژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان كراوه‌، بۆ ده‌ستپێكردنى هه‌نگاوه‌ كردارییه‌ یاساییه‌كان و دروستكردنى سازانى نیشتمانى له‌نێوان فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان."

ده‌شڵێت، "له‌و روانگه‌یه‌وه‌ په‌رله‌مانى كوردستان رۆژى چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتى 15/3/2023 كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئاسایى بۆ پێكهێنانى لێژنه‌ى تایبه‌ت به‌ كاراكردنه‌وه‌ى كۆمیسیۆن ئه‌نجام ده‌دات، "بۆیه‌ داوا له‌ هه‌موو لایه‌ن و فراكسیۆنه‌كان ده‌كه‌ین، ده‌ستوبرد بكه‌ن له‌ گه‌یشتن به‌ لێتێگه‌یشتنى هاوبه‌ش له‌پێناوى خێراتركردنى پرۆسه‌ى ئاماده‌كاریى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌مساڵدا."