هونەرمەند ئالین لە ساڵیادی لە دایکبوونی بارزانی نەمردا بەرهەمێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

K24 – هەولێر:

دوای ماوەیەک بێدەنگی و پێشکەش نەکردنی هیچ بەرهەمێکی هونەری، ئەم ساڵ خانمە هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان (ئالین) ژمارەیەک بەرهەمی نوێی بڵاوکردەوە لەوانە (کەچ و خورت) کە بەبۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان دواتریش (چاچان)ێ و چەند بەرهەمێکیشی ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوە کە بڕیار وایە لە ماوەکانی داهاتوو بڵاویان بکاتەوە.

 سەبارەت بە بەرهەمی داهاتووی لە لێدوانێکیدا گوتی: لە ساڵیادی لە دایکبوونی باوکی رۆحی نەتەوەی کورد بارزانی نەمر بەرهەمێکی نوێ بڵاودەکەمەوە بە ناوی (بارزانی مێرێ مێرخاس) کە لە تێکستی ئەسڵان ئەشگان و دەرهێنانی رێناس میرانە.

لەبارەی پەیامی لە بڵاوکردنەوەی ئەم سروودە ئالین گوتی، پەیام و ئامانجی من لە بڵاوکردنەوەی ئەم کلیپە لەو رۆژە پیرۆزەدا بریتییە لە گەیاندنی پەیامێکە کە بارزانی نەمر قارەمان و سەرکردەی  هەموو پارچەکانی کوردستانە، خەبات و بەرخودانی  بۆ هەموو پارچەکان بووە بەبێ جیاوازی، چونکە چۆن کوردانی هەموو جیهان بارزانی بە رەمز و سومبولی نیشتمانپەروەری و خەباتگێڕی دەزانن، بە هەمان شێوە دوژمن و داگیرکەرانی هەموو پارچەکانی کوردستان بە هۆکاری یەکخستنی کوردییان زانیوە، ئەماش نیشانەی گەورەیی ئەم سەرکردە مێژووییەیە، هەر لە رێگای ئەم بەرهەمەوە پەیامێک ئاڕاستەی دوژمن و نەیاران دەکەم کە ئێمەی گەلی کوردستان هیچ کاتێک دەست لە خەون و ئاواتەکانمان هەڵناگرین و تا کۆتایی بوونی خۆمان وەک میللەت و کوردستانیش وەک وڵات دەپارێزین و لە هەر بارودۆخێکدا ئێمە ئامادە نین دەست لە خەبات هەڵبگرین.

ئالین هەروەها دەڵێت، هەمیشە گوتوومە کە خەمی هەر چوار پارچەی كوردستان بە خەمی خۆمی دەزانم، و هەر چوار پارچەیان بۆ من وەك رۆژئاوا وان و جیاوازییان نییە، خۆشی و ناخۆشی و دەرد و مەینەتییەكان هەر پارچەیەكی كوردستان خۆشی و ناخۆش و مەینەتی منن، بۆیە ئەوەی لە توانامدا هەبێت بۆ رۆژئاوا ئەنجاممداوە چ لە رێگای كلیپەكانمەوە وەك كلیپ (یەكێتی برایەتی) تێیدا داوای یەكگرتن و برایەتی نێوان پێشمەرگە و شەڕڤانان دەكەم، هەروەها گۆرانییەكانی (بلبلێ دلشاد) و (ئەی فەلەك ژ بو تە دناڵم) و چەندین بەرهەمی دیکە.