ئەردۆغان بەفەرمی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا کاندیدکرا

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24 - هەولێر:

فراکسیۆنی ئاک پارتی لە پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندید بکات بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا.

لە کۆبوونەوەکەدا داواکارییەکی نووسراو پێشکەشی سەرۆکایەتی دیوانی دەستەی گشتیی فراکسیۆنی ئاک پارتی کرا کە لەلایەن عیسمەت یڵماز، سەرۆکی فراکسیۆنەکەوە  واژووی لەسەر کراوە و تیایدا هاتووە "بەپێی ماددەی 101ی دەستوور و ماددەی هەشتی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدان، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندید دەکەین بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی".

ئەو پەرلەمانتارانەی بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد، واژوویان لەسەر ئەو بازنەیە کرد کە ئەردۆغان بەربژێر دەکات بۆ سەرۆکایەتی.

دوای کۆبوونەوەکە عیسمەت یڵماز بە میدیاکارانی راگەیاند، بە رەچاوکردنی ماددە کارپێکراوەکان بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی فراکسیۆنی ئاک پارتی کە بەشداربوون لە کۆبوونەوەکە بڕیاریان داوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەربژێر بکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و گوتی: "هیوادارین ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان. خوا یار بێت رۆژانی گەشتر چاوەڕێی وڵاتەکەمان دەکات".