ئافاد: لە سەری ساڵەوە نزیکەی 24 هەزار بوومەلەرزە لە تورکیای داوە
K24 - هەولێر:
ئۆرهان تاتار بەڕێوەبەری گشتیی بوومەلەرزە و کەمکردنەوەی مەترسییەکان لە سهرۆكایهتی ئافاد، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، 39 رۆژ بەسەر بوومەلەرزەکانی مەڕەش تێپەڕیوە و لە شوێنەکانی دەرەوەی ناوچەی بوومەلەرزەکان پاشلەرزە و بوومەلەرزەی دیکە روویانداوە.
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی ئافاد ئەوەشی خستەڕوو، لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەو بوومەلەرزە مامناوەندانە بەردەوام دەبن، کە هاووڵاتییان هەستی پێدەکەن و هەروەها گوتی: "پاشلەرزەکان ئەگەری هەیە بەتایبەتی زیان بەو باڵەخانانە بگەیەنێت، کە زیانیان بەرکەوتووە و بیانڕووخێنێت، لەبەر ئەو هۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین، زۆر گرنگە لە باڵەخانە زیانلێکەوتووەکانی ناوچەکە دووربکەونەوە و نەچنە نێوی و کەلوپەل و پێداویستی لەو شوێنانە دەرنەهێنن".
تاتار باسی لەوەشکرد، لە دوای دوو بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات، کە بە گوڕی 7.7 و 7.6 روویاندا، لە هەر شوێنێکی تورکیا، ئاسایی بوومەلەرزە بەردەوام دەبێت.
روونیشیکردەوە، لە سەری ساڵەوە تا ئەمڕۆ، نزیکەی 24 هەزار بوومەلەرزە لە تورکیای داوە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 6ـی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختهر تورکیا و باكووری كوردستان، ههروهها سووریا و رۆژئاوای كوردستانی ھەژاند و لە ھەرێمی کوردستانیش بەگوڕی 4.7 پلەی رێختهر ھەستی پێکرا.
بوومەلەرزەکان ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە و تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا و سووریا بەھۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە سەرووی پەنجا ھەزار کەس.
دوای بوومەلەرزەکانیش چەند تیمێکی فریاگوزاریی بە مەبەستی بەھاناوەچوونی لێقەوماوان گەیشتنە ناوچەکە و لە میانی دوو ھەفتەدا، سەرقاڵی گەڕان و پشکنین بوون و چەندین کەسیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان رزگارکرد، لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان چەندین بارھەڵگری کۆمەک و ھاوکاری رەوانەی ناوچە کارەساتبارەکان کران.