لەبارەی بوومەلەرزەوە کەشناسی عێراق روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

پێوه‌ری رێخته‌ر
پێوه‌ری رێخته‌ر

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق رایدەگەیەنێت، لەبارەی بوومەلەرزەوە هیچ مەترسییەک لەسەر پارێزگاکانی عێراقدا نییە.

عامر جابری بەڕێوەبەری دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق رایگەیاند، ئەو بوومەلەرزەیەی دوێنێ شەو پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک و دیالەی گرتەوە، تەنیا دەرچوونی وزەی زەوی بووە و هیچ مەترسییەک لەسەر دانیشتوانی عێراق نییە.

عامر جابری ئاماژەی بەوەشدا، بوومەلەرزەکەی دوێنێ شەو هیچ زیانێکی نەبووە و زۆرینەی جار ناوچەکانی سنووری ئێران وعێراق بوومەلەرزەی بەگوڕی 3 بۆ 4 پلە تیایاندا روودەدات، بەڵام نابێته‌ هۆی گەیاندنی زیان.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (16ـی ئادار/مارسی 2023)، ئاسۆ کمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر ناوچەکانی باشوور و رۆژ‌هەڵاتی کوردستانی هەژاند.

هەر لەبارەی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی دوێنێ شه‌و، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاندبوو، بوومەلەرزەکە کاتژمێر 9:32 بە گوڕی 5.1 پلە و بە قۆڵایی 43 کیلۆمەتر روویدا.

راشیگەیاند، "بوومەلەرزەکە لە دوورى 76 کیلۆمەتر لە باشورى ڕۆژهەڵاتى سلێمانى و 13 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتى هەڵەبجە روویداوە"