عێراق لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بەرهەمی لە تورکیاوە هاوردە کردووە

ئاڵای عێراق و تورکیا
ئاڵای عێراق و تورکیا

K24 - هەولێر:

لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کۆمەڵەی هەناردەکارانی ئیستانبوڵ بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار زۆرترین بەرهەمیان هەناردەی عێراق کردووە.

لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 20 هەزار کۆمپانیای ئەندام لە کۆمەڵەی هەناردەکارانی ئیستانبوڵ کە لە شارە جیاوازەکاندان، بە بڕی نزیکەی یەک ملیار و 640 ملیۆن دۆلار بەرهەمیان هەناردە کردووە.

کۆمەڵەی هەناردەکارانی ئیستانبوڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، هەناردەکارانی ئیستانبوڵ بەرهەمەکانیان بە 181 وڵات فرۆشتووە و پشکی ئەوان لە هەناردەکردنی ئەو وڵاتەدا لەسەدا 4.9 بووە.

کۆمەڵەکە لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بڕی نزیکەی یەک ملیار و 640 ملیۆن دۆلار بەرهەمیان هەناردەی وڵاتان کردووە.

لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کۆمەڵەی هەناردەکارانی ئیستانبوڵ بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار زۆرترین بەرهەمیان هەناردەی عێراق کردووە. زۆربەی بەرهەمە فرۆشراوەکانیش بریتی بوون لە پەلەوەر، بەرهەمە ئاژەڵییەکان، دانەوێڵە، پاقلەمەنییەکان و تۆوە چەورەکان.

لە دوای عێراقیش، ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و رووسیا ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین بەرهەمیان هەناردە کراوە.

لەسەر بنەمای گرووپی وڵاتانیشدا، ئەو ناوچەیەی کە کۆمەڵەکە زۆرترین هەناردەی بۆ دەکات، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بووە کە بە بڕی 359 ملیۆن دۆلار بەرهەمیان هەناردە کراوە. لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا هەناردەکردن بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە رێژەی لە سەدا 0.7 زیادی کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.

کۆمەڵەی هەناردەکارانی ئیستانبوڵ لە مانگی شوباتدا بە بڕی 820 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بەرهەمیان هەناردە کردووە. کۆمەڵەکە لە مانگی شوباتدا زۆرترین بەرهەمی هەناردەی عێراق و ئەمریکا و ئەڵمانیا کردووە.