مەسرور بارزانی: خواستم هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان و لەگەڵ بەغداش گەیشتووینەتە رێککەوتنی سەرەتایی

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا بۆ باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان، جەختی لەسەر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان کردەوە، لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانیش رایگەیاند، بەدڵنیاییەوە من ئەو نیەت و خواستەم هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان.

ئێوارەی رۆژی شەممە (18ـی ئادار/مارسی 2023)، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و 40 باڵیۆز و 83 نوێنەری وڵاتان، ئاهەنگی یادەکانی ئادار و نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە چیای کۆڕەک بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی بۆ باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان گوتی، "زۆر سوپاس بۆ پەسەندکردنی ئەم بانگهێشتە و هاتنتان بۆ ئێرە، زۆر خۆشحاڵم ئەمشەو میوانداریتان بکەم بۆ ئاهەنگی نەورۆز".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باسی نەورۆز و یادەکانی ئادار، گوتی، " نەورۆز بۆ ئێمە زۆر واتای هەیە و ئەم مانگە پڕە لە رووداو، هەندێک خۆش و هەندێکیش ناخۆش. نەورۆز، واتە سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکیدا. سەرکەوتنی ئاسنگەرە بەسەر ستەمکاردا. سەرکەوتنی گەلێکی ستەمدیدەیە. نەورۆز دەستپێکێکی نوێیە، ساڵێکی نوێیە. هیوای ساڵێکی خۆشتان بۆ دەخوازم و ساڵی نوێ و نەورۆزتان پیرۆز بێت".

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند، خۆشحاڵم دەتوانم بڵێم دوای چەندین کۆبوونەوە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوتاکانمان لە حکومەتی فیدراڵی گەیشتووینەتە هەندێک رێککەوتنی سەرەتایی.

مەسرور بارزانی گوتیشی، لە دوایین کۆبوونەوەشم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، رێککەتووین کێشە و جیاوازییەکانمان بگۆڕین بۆ دەرفەت، زۆرێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکەین و پلان دابنێین، بزانین چۆن بەرەو پێشەوە بڕۆین و هەماهەنگی بکەین.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، زۆر گەشبینم دەتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین. ئیتر ئەو کێشانە لەبارەی بودجە یان یاسای نەوت و غاز و ئاسایش و چەندین بواری دیکە کە دەتوانین پێکەوە کار بکەین و خزمەتی هەموو عێراق بکەین.

لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ئێمە لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بەتایبەتی لەم بۆنەیەدا کە دوای دوو رۆژی دیکە ساڵی نوێیە، راگەیەندراوێکم دەبێت و لەو راگەیەندراوەمدا ئاماژە بەوە دەکەم کە پێمان باشە جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بکەنە شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکان.

هەروەها مەسرور بارزانی جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، "دەتوانین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین ئەگەر نیەت و خواستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەمان هەبێت، بەدڵنیاییەوە دەتوانم پێتان بڵێم من ئەو نیەت و خواستەم هەیە بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان".